كچە شاخەوانێكی كورد بەسەر چیای هێمالایادا سەركەوت

:: PM:01:16:15/06/2024 ‌
فیدراسیۆنى شاخەوانیی کوردستان لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیس بووک بڵاویان کردووەتەوە، کە كچە شاخەوانێكی كورد توانیویەتی بگاتە لووتكەی چیای هێمالایا كە شەش هەزار و 165 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

سۆما بانیخێڵانی كچە شاخەوانێكی خەڵكی باشووری كوردستان و دانیشتووی سویدە دەڵێ، شاخەوانی یەكێكە لە حەزە هەمیشەییەكانم و ساڵانێكە كاری بۆ دەكەم، لە سویدیش بەردەوام دەگەڕێم و شاخەوانی دەكەم. 

لووتكەی ئایلەند پێیك شەش هەزار و 165 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، كەوتووەتە سنووری ناشناڵ پاركی ساگارماتا لە ناوچەكانی زنجیرە چیای هێمالایا لە رۆژهەڵاتی  نیپاڵ.

چیاكە بە توولەڕێی دوور و درێژ و هەوراز و نشێوی سەخت و ئەستەم دەورە دراوە، بە درزی بەفر و سەهۆڵی قووڵ و بێ بن ناسراوە، لە ڕێی گەیشتن بە لووتكەكە، شاخەوانان پێویستە ئەو سەختییانە تێپەڕێنن.

ئەو شاخەوانە باسی لەوەش كردووە، ئێستە بیر لەوە دەكاتەوە گەشتی تر بۆ چیا بەرزەكانی تری زنجیرە چیای هێمالایا ئەنجام بدات.



وشە - سۆران عەزیز