گەرماكەی ئەمساڵ گەیشتە مۆسكۆ

:: PM:07:24:02/07/2024 ‌

بەپێی كەشناسیی جیهانی، ئەمڕۆ سێشەم، دووی تەمووز، پلەی گەرما لە شاری مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا گەیشتووەتە نزكی 32 پلەی سیلیزی كە ماوەی 75 ساڵە پلەی وا بەرزیان بە خۆیانەوە نەبینیوە و خەڵكەكەی تاساندووە.

ڕۆمان فیلفاند، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕووسی بۆ کەشناسی دەڵێ، پلەی گەرمای ئەمڕۆ كە گەیشتووەتە +31.9 پلەی سلیزی، هەمان پلەی تۆمار كردووە كە پێش 134 ساڵ تۆمار كراوە، واتە ڕێك لە دووی تەمووزی ساڵی 1890 پلەی گەرما لە مۆسكۆ وەكو ئەمڕۆ بووە.

میخایل لیۆ، پسپۆڕی بواری كەشناسیی ڕووسی دەڵێت، لە كۆی گشتیدا، ماوەی 75 ساڵە پلەی گەرما لە شاری مۆسكۆ نەگەیشتووەتە ئەو پلەیەی ئەمڕۆ، ئەمەش لە كاتێكدا دوێنێ تەنیا 28 پلە بووە.

هەر لە ڕووسیا لە هەرێمی بەسكۆف، ئەمڕۆ پلەی گەرما گەیشتووەتە +34.3 پلەی سیلیزی، ئەمەش پلەیەكی نوێی پێوانەییە بۆ ئەو ناوچەیە و پێشتر ساڵی 2022 تا +30.7 ڕۆیشتبوو.

لە شاری چیتا +34.1 تۆمار كراوە، كە ئەمیش هەر پلەیەكی پێوانەیی نوێیە لە مێژووی ئەو شارەدا. جگە لەمانە، شاری بترسبۆرگیش بە +33.2 پلەی سلیزی، پلەی پێوانەیی تۆمار كرد.


وشە - عەبدوڵا عومەر