حوكمێكی سەیر لە مێژووی توركیا "45 هەزار و 376 ساڵ"

:: PM:06:43:06/02/2025 ‌
دادگای تاوانەكانی توركیا بۆ یەكەمجار حوكمێكی نامۆ و سەیری دەركرد بەرانبەر تاوانبارێك، كە بریتی بوو بە گرتن و زیندانیكردن بۆ ماوەی 45 هەزار و 376 ساڵ و شەش مانگ، ئەمەیش دوای تاوانبار ناساندنی تۆمەتبارێك بە ئەنجامدانی چەندان تاوانی جۆراوجۆر. 

تۆمەتەكانی سەر تاوانبارەكە بریتی بوون لە "فێڵكردن لە رێگەی رێكخراوی زانیاری"، سپیكردنەوەی پارە و دامەزراندن و ئیدارەدانی رێكخراوێكی تاوانكاری. 

بەپێی رۆژنامەی "رای" توركی، دادگای تاوانەكانی توركیا، دوێنێ چوارشەم "محەمەد ئایدن" ناسراو بە "تۆسونجۆك" كە دامەزرێنەری رێكخراوێكی دارایی بەناوبانگی توركیایە بە ناوی "بانكی كێڵگە" لە دانیشتنێكی دادگا بە ئامادەبوونی پێنج تۆمەتباری تر دادگایی كرد. 

لە دانیشتنێكی درێژی دادگایی كە بۆ ماوەی دوو سەعات بەردەوام بوو، دادگاكە بڕیاری خۆی لەبارەی تۆمەتباری ناوبراو دا كە بە درێژترین حوكم دادەنرێت لە مێژووی دادگای توركیا. 

بەپێی بڕیارەكەی دادگا، محەمەد ئایدن لەلایەن دادگاوە بڕیاری 45 هەزار و 376 ساڵ و شەش مانگی بەسەردا سەپێنرا جگە لە سەپاندنی سزای دارایی بەسەر خۆی و براكەیشی "فاتح  و گۆرای ئایدن" كە بەشداری تاوانەكەی بوون بە پێبژاردنی 496 ملیۆن و 64 هەزار لیرەی توركی كە پێویستە لە ماوەی 24 مانگ پێبژاردنەكە بدەن.


وشە - پۆڵا مەحموود