لارا هۆمەر جلی دەستووری دزەییان زیندوو دەكاتەوە

:: PM:12:03:11/03/2025 ‌
لارا هۆمەر دزەیی دیزاینەری جلوبەرگی كوردی، یەكێك لە دیزاینەكانی بەناوی "دەستووری دزەیی" دروست كردووە، لەبارەی ئەو شێوە جلەوە دەڵێت، سوودم لە جلەكانی نەنكم وەرگرتووە.

لارا لەبارەی ئەو دیزاینە بەناوی "دەستووری دزەیی" گوتی، پێشتر بەردەوام نەنكی بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردیی ناوچەكەی خۆیانەوە بینیوە، بەم هۆیەشەوە ئەو شێوازە جلوبەرگە لە بیر و هزریدا ماوەتەوە، كاتێكیش دەستی كردووە بە دیزاینكردنی جلوبەرگی كوردی، بڕیاری داوە هەمان شێوازی سەردەمی كۆن و ناوچەكەی خۆیان زیندوو بكاتەوە، ئەویش پێكهاتووە لە جلوبەرگێكی كوردی و بەستنی كڵاوێك كە لە چەند پارچەیەك پێكهاتووە.

لارا هۆمەر دزەیی لە نەمسا لە دایك بووە و لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەورە بووە، دەرچووی بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی جۆرج مەیسنە و ماوەی نزیكەی 15 ساڵە لە هەولێر دەژی و سەرقاڵی دیزاین جلوبەرگی كوردییە.

دوای زیاتر لە 12 ساڵ كاركردنی، لارا بڕیار دەدات پەرە بە بەهرە و خولیای خۆی لە بواری دیزاین بدات و هەوڵ بدات جلوبەرگی كوردی بە كوالێتییەكی بەرز دیزاین بكات و بە تەواوی دنیای بناسێنێت، لەو بوارەشدا تا ئێستە چەندان سەركەوتنی بەدەست هێناوە، دیزاینەكانی شانبەشانی براندە جیهانییەكان بەشداری لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگ لە پاریس كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی دیزاینەكانی لەسەر لاپەڕەی گۆڤارەكانی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز