پێشنوێژى مزگەوتێک لە وڵاتى مەغریب داوای لە ژنان کرد جارێکی تر بەشداری نوێژی تەراویح لەناو مزگەوتەکەدا نەکەن، هەروەها هەڵسا بە داخستنی بەشی نوێژی ژنان، ئەمەیش لە سۆشیال میدیاى وڵاتەکەدا دەنگدانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا.
لە چەند سەعاتى ڕابردوودا گرتەى ڤیدیۆیی پێشنوێژى مزگەوتێکى شارى "
تارودانت" لە وڵاتى مەغریب لە سۆشیال میدیادا بڵاو کرایەوە، کە ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی بەشێک لە ژنەکانی ناو مزگەوتەکە دەگرێت دەڵێت، ئەوان نوێژکردن لە نوێژخوێنان تێک دەدەن.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، پێشنوێژى مزگەوتەکە ناڕەزایی خۆی لە بەشێک لەو ڕەفتارانە دەربڕیوە و بە ئاژاوەگێڕانە ناوى بردووە. هەروەها دووپاتى لەوە کردووەتەوە، ژمارەیەک ژن لە ناو مزگەوتەکەدا بە شێوەیەک گفتوگۆیان کردووە کە نوێژیان لە نوێژخوێنانی مزگەوتەکە تێک دەدا.
ئەو پێشنوێژە لە قسەکانیدا بۆ ئەو ژنانە ڕای گەیاندووە، "نوێژکردن لە ماڵەوە باشترە لە چوونە مزگەوت". هەروەها گوتویەتى، بەشی ژنان لە مزگەوتەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
جێی باسە، هەڵوێستى ئەم پێشنوێژەى مزگەوتەکەى شارى تارودانت، کاردانەوەى جیاوازى لە سۆشیال میدیادا لێ کەوتووەتەوە، هەندێک پشتگیرى لە بڕیارەکەى دەکەن و بە ئەرکى ئەوى دەزانن کە رووبەڕووى ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە ببێتەوە بۆ پاراستنى پیرۆزى مزگەوت. لە بەرانبەردا بەشێک رەخنە دەگرن و دەڵێن ڕۆڵی پێشنوێژ لە هۆشیارکردنەوە و ئامۆژگاریکردن سنووردراوە و مافى ئەوەى نییە ڕێگرى لە نوێژکردنى ژنان بکات لەناو مزگەوتدا.