دەرهێنانی لایەک لە سییەکانی پاپا و چیرۆکی ئەو سێ ڕۆژەی هەڕەشەیان لە ژیانی کرد

:: PM:09:17:23/03/2025 ‌

"خۆرخی ماریۆ بێرگۆلیۆ"، پاپاى ڤاتیکان کە 88 ساڵ لەمەوبەر لە دایک و باوکێکی ئیتاڵی، لە ئەرجەنتین لەدایک بووە. ڕەنگە کەسانێک نەزانن پاپا ماوەى 67 ساڵ لەمەوبەر پزیشکەکان لایەکیان لە سییەکانی دەرهێناوە و لەوکاتەوە بە تەنیا یەک لای سی دەژیت.

ئەوەی ڕووی داوە ئەوەیە، ئەو پیاوەی نازناوی "فرانسیس"ی وەرگرت لە 13ی کانوونی دووەمی 2013دا کە وەک پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا، چیڕۆکى ڕووداوەکەى زۆر کۆنە بەپێی ئەوەی کە ماڵپەڕی Al Arabiya.net لە لێکۆڵینەوەکانیدا لە چەندان سەرچاوەی ئەرشیفیدا زانیویەتی لەبارەى هۆکاری لابردنی لایەک لە سییەکانی. ماڵپەڕەکە بۆی دەرکەوتووە، پاپا 67 ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە لە تەمەنی 21 ساڵیدا بووە بە سێ ڕۆژی سەختدا تێپەڕیوە، کە لەو ماوەیەدا نزیک بۆتەوە لە لەدەستدانی ژیانی بەهۆی نەخۆشییەکەوە گەر ئەو چارەسە خێرایە نەبووایە لەو کات و ساتەدا.

هەندێک لەو کێشە تەندروستییانەی کە ڕووبەڕووی پاپا بووەتەوە، لە ڕاپۆرتێکی مانگی ئاداری 2013ی ڕۆژنامەی ئێل مۆندۆی ئیسپانیدا باس کراوە، کە تێیدا هاتووە ئەوەی پزیشکەکان تێبینییان کردووە و پێیان وابووە "نەخۆشیی سیل یان هەوکردنێکی توندی هەبووبێت، بۆیە بە دەرمانی دژەتەنی بەهێز چارەسەریان کردووە، ئەمەش زیانی بە سییەکانی گەیاندووە"، بەپێی ئەوەی لەو ساڵەدا لەلایەن گوتەبێژی ڤاتیکانەوە بڵاو کراوەتەوە، "هۆکاری بارودۆخەکە چۆنییەتى چارەسەرەکە بووە، نەک خودی نەخۆشییەکە". 

لە کتێبێکدا بە ناوی ئێل جیسویتا، کە لە ساڵی 2010 لەلایەن هەردوو ڕۆژنامەنووس "سێرجیۆ ڕۆبن"ی ئەرجەنتینی و "فرانسیسکا ئەمبرۆگێت"ی ئیتاڵییەوە نووسراوە، بە پشتبەستن بە ئەرشیفی نەخۆشخانەیەک لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، بۆیان ڕوون بووەتەوە، تای بەرز وای لێکردووە لەگەڵ مەرگدا بجەنگێت، لە کاتێکدا دایکی لە تەنیشتیدا بووە و بەردەوام لە ئامێزی گرتووە، دایکی گوێی لە پرسیارکردنی فرانسیس دەبوو کە بەردەوام دەیناڵاند و دەیگوت، "چیم لێ هاتووە؟" بەبێ ئەوەی وەڵامێکی باشی لە پزیشکەکانەوە دەست بکەوێت.

پزیشکێکی پسپۆریش بە درێژی باس لە لابردنی لایەک لە سییەکانی و هۆکارەکانی دەکات، باس لەوە دەکات چارەسەرکردن چەند قورس بووە لەو کاتەدا کە پاپا تووشی ئەو بارودۆخە بووە لە ساڵانی ناوەڕاستى سەدەی ڕابردوودا.

پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیەی کە خۆرخی ماریۆ بێرگۆلیۆی لێ بوو، دەبێ وایان زانیبێت کە تای بەرزی هەیە، بۆیە هەوڵیان دا چارەسەری بکەن بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەن. لەم ماوەیەدا، سێ ڕەگیان دۆزیوەتەوە کە وەک وەرەم لە بەشی سەرەوەی سییەکانی لای ڕاستیدا سەر هەڵ دەدات، ڕەنگە وایان زانیبێت کە ئەوانە شێرپەنجەن، لە کاتێکدا کە پشکنینی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندا بووە لەو سەردەمەدا، هەر بۆیە هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە جگە لە گرتنەبەری ڕێگایەکی ئاسان؛ ئەویش، لابردنی بەشێکی زۆری سییەکانی و بەو جۆرە لێیگەڕان بە یەک لای سی بژیت.

پزیشکەکان پێیان وابوو ژیانکردن بەو جۆرە زۆر سەخت و ماندووکەر دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ پاپا فرانسیس زۆر لەوە ئاسانتر بووە کە پێشبینیان دەکرد.

 



وشە - رزگار خدر