جلی بووكێنیی میلانیا ترەمپ بۆ فرۆشتن نمایش كراوە

:: AM:10:27:26/03/2025 ‌
لە بازاڕدا جلە بووكێنییەكەی میلانیا هاوسەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ فرۆشتن نمایش كراوە. ئەو جلەی تایبەت بە بووكە، میلانیا لە ساڵی 2005 لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی لەگەڵ ترەمپ پۆشیویەتی، بۆیە ئێستە بەهاكەی بەرزتر بووەتەوە و تا ئێستەیش نەفرۆشراوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 26ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، لیانا سانچاین كە نووسەرە و گوتوویەتی، ئێستە جلە بووكێنییەكەی میلانیا لە بازاڕدا بۆ فرۆشتن نمایش كراوە، باتریشیا تۆرفاڵدز كە هاوڕێیەتی، بە رێكەوت بینیویەتی كۆمپانیای "ئیبای" جلەكەی بۆ فرۆشتن نمایش كردووە و ئاماژەی داوە كە لە 21ی یەنایەری ئەمساڵەوە نیازی فرۆشتنی جلەكەیان هەیە و تا ئێستە نەفرۆشراوە.

لە هەواڵەكەدا باس لە نرخی ئێستەی جلە بووكێنییەكە نەكراوە، بەڵكو باس لەوە كراوە كە ئەوەی ئێستە خاوەنی جلەكەیە، لە ساڵی 2010دا بە 70 هەزار دۆلار لە میلانیا خۆی كڕیویەتی، چونكە پێوەندیی نزیكی لەگەڵ ئەو خاتوونەدا هەیە. بێگومان ئێستە چاوەڕێی نرخێكی زۆر لەوە زیاتری لێ دەكات.

لەبارەی نرخی سەرەتای دروستكردنی جلەكەوە ئاماژە دراوە، میلانیا لە سەرەتاوە بەبڕی 187 هەزار دۆلار جلەكەی بۆ دروست كراوە و كاتێك فرۆشتوویەتی، 45 هەزار لە نرخەكەی دابەزیوە. وەك ئەوەی پێگەی Women's Wear Daily بڵاوی كردووەتەوە.

جلە بووكێنییەكەی میلانیا لەسەر دیزاینی پەریی دەریا دروست كراوە. میلانیا خۆی و ئانا وێنتۆر كە ئەستێرەی نمایشی جلوبەرگە و پێشتریش سەرنووسەری گۆڤاری "فۆگ" بووە، لە پاریس هەڵیانبژاردووە و بە دروستكرنیان داوە. كلكی جلەكە درێژییەكەی 13 پێیە، بە كریستاڵی سواروڤسكی و بە دەستكرد دروست كراوە كە تەنیا كلكەكەی 550 سەعات كاتی ویستووە.

دواتریش ئەو كەسەی ئێستە دەیەوێ جلە بووكێنییەكەی میلانیان بفرۆشێت، بۆ پێگەی eBay ددانی پێدا ناوە كە هەندێك دەستكاریی جلەكەی كردووە، بەڵام ئەو دەستكارییە كاریگەریی لەسەر دیزاینە سەرەتاكەی نەكردووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د