چینی موگناتیسی زەوی لە زەریای ئەتڵەسیدا تووشی لاوازبوونێكی گەورە بووە

:: PM:08:25:31/03/2025 ‌
زانایانی بواری گەردوونناسی هەستیان بە دیاردەیەكی نامۆ كردووە كە ناسراوە بە "لادانی موگناتیسی لە باشووری زەریای ئەتڵەسی"، بە جۆرێك بواری موگناتیسی زەویی لە ناوچەیەكی بەرفراوانی ئەمەریكا و باشوری رۆژئاوای ئەفەریقا تووشی لاوازبوونێكی گەورە بووەتەوە كە ئەم دیاردەیە بە "كونی موگناتیسی" ناودەبرێت و ساڵ بەدوای ساڵیش گەورەتر دەبێت و هەڕەشەی رژدی دروست كردووە بۆ مانگە دەستكردەكان و وێستگە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان.

بەپێی قسەی زانایان، ئەم دیاردە كاریگەری ڕاستەوخۆ و مەترسیی لەسەر ژیانی زەوی نابێت، بەڵام هەڕەشەیەكی رژدە لەسەر مانگە دەستكردەكان، بەهۆی ئەوەی لاوازبوونی بوارە موگناتیسیی رێگە بە دەربازبوونی تەنۆلكە خۆرە بارگاوییەكان دەدات كە دەبنە هۆی پەككەوتنی كاركردنی كارەبایی و لەدەستدانی داتا و زانیاری، هەندێكجاریش زیان بە پێكهاتە ئەلیكترۆنییە زۆر هەستیارەكانی ناو مانگە دەستكردەكان دەگەیەنێت. 

لەوەتەی ئەم دیاردەیە دەركەوتووە دەزگای بۆشاییگەری ئاسمانی ئەمەریكی "ناسا" ناچار بووە كاتێك مانگە دەستكردەكانی بەم ناوچە فراوانەی زەویدا تێپەڕ دەبن، سیستمە ناپێویستەكانیان لەسەر مانگە دەستكردەكان دەكوژێننەوە بۆ ئەوەی دووچاری پەككەوتن و زیانمەندبوون نەبنەوە. 

جێگەی ئاماژەیە بواری موگناتیسی زەوی بە "درع"ێكی شاراوەی گەردوونی دادەنرێت كە لە تیشكە گەردوونییە زیانمەندەكان دەمانپارێزێت و دەیانگێڕێتەوە. 

ناسا بە وردی چاودێری ئەم دیاردەیە دەكات و پێی وایە گرنگە روونتر لە رەفتاریی موگناتیسی زەوی تێبگەین و ئەمەیش پێویستی بە چەندان توێژینەوەی فراوان دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود