زۆرن ئەوانەی لە نووسینیان بە دەست، بەهۆی ناشیرینیی نووسینەكانیان، ئەستەمە بخوێنرێنەوە، بۆیە زۆرجار ئاماژە بەوە دەكرێ كە ئەوانەی دەستوخەتیان لە نووسیندا خراپە یان ناشیرینە، بە تەمەڵ ناو دەبرێن، بەڵام توێژینەوەیەك كە لە زانكۆی یێڵی ئەمەریكی كراوە، توێژەران پێیان وایە ئەوانەی دەستوخەتیان خراپە بەراورد بەوانەی دەستوخەتیان جوانە، زیرەكترن.
پێگەی "
ئەهرام"ی میسری لەبارەی جوانی و ناشیرینیی دەستوخەت، پشتی بەو توێژینەوەیە بەستووە كە لە زانكۆی یێڵی ئەمەریكی ئەنجام دراوە. توێژەرانی توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەدەن كە مەرج نییە ئەوانەی دەستوخەتیان جوان بێت، زیرەك بن، چونكە بەپێی توێژینەوەكە دەركەوتووە زۆربەی ئەو قوتابیانەی لە قۆناغی بنەڕەتییەوە تا قۆناغی كۆلیژ، دەستوخەتیان ناخۆش و ناشیرین بووە، هاوكات لە تەواوی قۆناغەكانی خوێندندا زیرەكتر بوون.
ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری "زانستی دەروونی" بڵاو بووەتەوە كە توێژەران دەڵێن، نووسین بە دەست، چالاكییەكە پێوەندیی بە جەستە و دەروونی مرۆڤەوە هەیە، بۆ ئەوەیش مێشك و جەستە ئاوێتەی یەكتر دەبن. پرۆفیسۆر ئارنۆڵد ئێڵ جیزیل كە یەك لە توێژەرانی توێژینەوەكەیە دەڵێت، دەركەوتووە ئەو منداڵانەی توانایان لە نووسین بە دەست لاوازە بەراورد بەوانەی نووسینیان جوانە، توانای مێشكیان بەرزترە.
باس لەوەش دەكەن كە راستییەكەی ئەوانەی دەستوخەتیان ناخۆش و ناشیرینە، مێشكیان زۆر خێراتر لە دەستیان دەجووڵێتەوە، بۆیە زۆر بایەخ بە دەستوخەتەكەیان نادەن، ئەوەیش هۆكارێكی ترە بەوەی ئەوانەی دەستوخەتیان ناشیرینە، زیرەكتر دەردەچن.
هوارد جاردنەر لە زانكۆی هارڤارد كە ئەویش توێژەرە، بۆ رۆژنامەی "تیمپۆ" رای گەیاند، ئەوە ئاشكرا بووە كە ئەوانەی دەستوخەتیان لە نووسیندا ناخۆش و ناشیرینە، لەڕووی ئەقڵ و مێشكەوە زۆر خێران و زۆر بەزوویی زانیارییەكان وەردەگرن. تەنانەت لەڕووی دەروونییەوە ئەوە دەركەوتووە كە مەرج نییە مێشك و هێزی ماسولكەی دەست پێكەوە بجووڵێنەوە، چونكە زۆرجار مێشك زۆر خێراتر لە جووڵەی ماسولكەی دەست لە جووڵەدا دەبێت.
هەر لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر نعوومی سوزان بارۆن لە زانكۆی ئەمەریكی لە واشنتن روونی كردووەتەوە، مرۆڤ زیاتر ئەوە بەشێوەیەكی رێك وەردەگرێت ئەگەر شتەكەی بە دەستی خۆی كردبێتێ، بۆ ئەوەیش نووسین بەدەست بەهەمانشێوەیە نەك نووسین لە كومپیۆتەر.
توێژەر میلیسا برۆنتیش لە زانكۆی برۆنیل لە لەندەن دووپات دەكاتەوە، كە پێنووس بەدەستەوە دەگریت و پاڵەپەستۆی دەخەیتە سەر بۆ نووسین، ئەوكات سەرنجت لەسەر ناوەڕۆكی نووسینەكەت زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەیش سەرەنج و یادەوریت باشتر دەبێت و باشتریش زانیارییەكان لە مێكشتدا جێ دەكەیتەوە.
وێڕای ئەوەی زانكۆی یێڵی ئەمەریكی توێژینەوەكەی بایەخدانە بەوەی پێوەندیی بە نووسین بەدەست لەگەڵ زیرەكی، بەڵام تا ئێستەیش ئەو پرسە لە گفتوگۆدایە. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر پسپۆر پێیان وایە ناشیرینیی نووسین بەدەست، نیشانەیەكە كە مێشك هێورتر دەجووڵێت، بەڵام كەسانێكی تریش پێیان وایە مەرج نییە بەو شێوەیە بێت و ناكرێ ئەوە بكرێتە پێوەر بۆ زیرەكی، هاوكات رەتی ناكەنەوە كە نووسین بەدەست بەهای زیاتری هەیە وەك لە نووسینی كۆمپیوتەر، وێڕای ئەوەی تەكنەلۆجیا زۆر گەشەی كردووە، بەڵام هێزی دەست و ماسولكەكان لەگەڵ مێشك، بایەخیان زیاتر دەبێت.