ئەمڕۆ پێشانگەی ناوازەترین ئەڵماسەكانی دنیا لە ئیمارات لە شارسی ئەبوزەبی دەكرێتەوە كە ئاشقانی ئەڵماس لە دنیادا بۆ بینینیان سەردانی دەكەن، چونكە بڕیارە مانگی داهاتوو "ئایار" ئەو خشڵانە لە جنێڤ بۆ فرۆشتن پێشان بدرێن.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، شاری ئەبوزەبی پێشوازیی لە پێشانگەی ناوازەترین ئەڵماسەكانی دنیا دەكات، هەمان ئەو خشڵانە بڕیارە مانگی داهاتوو "ئایار" لە خانەی "سۆزبی" بۆ زیادكردن لە جنێڤ پێشان بدرێن. پێشانگەكەی ئیمارات ئەمڕۆ لە دامەزراوەی بەسام فەریحە لە دوورگەی سەعدیات لە ئەبوزەبی دەكرێتەوە.
لەبارەی جۆری ئەڵماسەكانەوە ئاماژە بەوە دراوە، یەك لەو ئەڵماسانەی لە مانگی داهاتوو لە جنێڤ بۆ فرۆشتن دێتە پێشاندان، كێشەكەی زیاتر لە 100 قیراتە و رەنگی شینە، بە دووەمین ئەڵماسی رەنگی شین لە تەواوی دنیادا هەژمار دەكرێت، چاوەڕێ دەكرێ نرخی ئەو ئەڵماسە بگاتە 20 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.
بۆ ئەڵماسە نمایشكراوەكانی تریش دەگوترێ، ئەڵماسێكی رەنگی سپی كە كێشەكەی 100 قیراتە. هەروەها ئەڵماسێكی تر كە رەنگی پرتەقاڵییە، كێشەكەی بەهەمانشێوە 100 قیراتە. هاوكات ئەڵماسی رەنگی پەمەیی بە كێشی 100 قیرات لە هەمان خانەی پێشان دەدرێت. ئەڵماسێكی تریش كە رەنگی پرتەقاڵی و پەمەییە و كێشی 31 قیراتە، لە هەمان خانەی زیادكردن نمایش دەكرێت. هاوكات ئەڵماسی رەنگی زەرد كە كێشی 303 قیراتە لەگەڵ ئەڵماسی رەنگی سوور بە كێشی پێنج قیرات پێشان دەدرێن.
لەبارەی نرخی ئەڵماسەكان و بەهاكانیان، خانەی "سۆزبی" پێشبینیی كردووە كە سەرجەم ئەڵماسەكان پێكەوە، چاوەڕێ دەكرێ نرخیان بگاتە سەرووی 100 ملیۆن دۆلار، ئەو نرخە بەرزترین نرخە تا ئێستە بۆ فرۆشتنی ئەڵماس دانرابێت.
دواتریش خانەكە دووپاتی كردووەتەوە، ئەو پێشانگەیە بۆ فرۆشتنی ئەڵماسە ناوازەكان، گەورەترین پێشانگە لەسەر ئاستی دنیا دەبێت، ئەوەیش دەرفەتێكە بۆ ئاشقانی ئەڵماس كە ئەستەمە جارێكی تر دووبارە ببێتەوە.