ئەمڕۆ دووشەم شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین لە بیابانەكانی سعوودیەوە رووی لە عێراق كرد و بەو هۆیەوە ئاسمانی چەند شارێكی عێراق بۆ رەنگی پرتەقاڵییەكی كاڵ گۆڕاوە، شەپۆلەكە روو لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوور دەكا و هاتوچۆی عێراقیش وریایی بە شوفێران دەدات لە ئەگەری گەشتكردن بەهۆی كەمبوونەوەی مەودای بینینەوە.
بەپێی
میدیاكانی عێراق بایەكی بەهێز هەڵی كردووە كە خۆڵێكی زۆری لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە و بەرەو شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەوانە بەغدا دێت، مەودای بینینی زۆر كەم كردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گشتیی شوفێرانی وریا كردەوە، بەتایبەتی لە رێگەكانی دەرەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی هاتوچۆی گشتیی عێراق، لە وێنەی مانگە دەستكردەكان دەردەكەوێت كە بەهۆی هەڵكردنی بای بەهێز لە ناوچەكانی رۆژئاوا، شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین چەند ناوچەیەكی گرتووەتەوە و مەودای بینین بۆ كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە سەعاتێك دابەزیوە، ئەگەریش هەیە لە چەند سەعاتی داهاتوو شەپۆلەكە تەواوی ناوەڕاست و باشووری عێراق بگرێتەوە، بۆیە پێویستە بەكارهێنەرانی رێگەكان، وریا بن و بە هێواشی شوفێری بكەن و ئەگەر توانای بینین نەما بوەستن.
جیا لە ئەگەری دروستبوونی رووداوەكانی هاتوچۆ، خۆڵبارین زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤیش هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كێشەی هەناسەیان هەیە، پێویستە ماسك ببەستن و لە كاتی چڕتربوونی خۆڵبارینەكە نەچنە دەرەوە.