تیمێكی توێژەرانی ئابووری لە زانكۆی كێنت لە بەریتانیا، توێژینەوەیەكیان لەسەر كاریگەریی سەگ و پشیلە لەسەر خۆشگوزەرانی ژیانی مرۆڤ ئەنجام داوە و دەڵێن: بارتەقای هاوسەرگیری یان زیادكردنی مووچە سوودی هەیە.
توێژینەوەكە لە گۆڤاری " Social Indicators Research" بڵاو كراوەتەوە، ئەو بەختەوەرییەی ئاژەڵە ماڵییەكان بۆ خاوەنەكانیان دەیهێنن، هەمان سوودە دەروونییەكانی هاوسەرگیری یان زیادكردنی مووچەی ساڵانەی گەورەی هەیە.
توێژینەوەكە كە دوو هەزار و 500 خێزانی بەریتانی لەخۆ گرتبوو، دەریخستووە كە خاوەندارێتیی ئاژەڵێكی ماڵی، پێوەندیی بە زیادبوونی دڵخۆشیی ژیانەوە هەیە بە ڕێژەی سێ تا چوار خاڵ لەسەر پێوەرێكی حەوت خاڵی.
بەپێی توێژینەوەی زانكۆ بەریتانییەكە، بەهای سەگ و پشیلە و ئاژەڵە ماڵییەكان لە ماڵدا، بۆ خاوەن ماڵ هاوشێوەی ئەو بەهایانەن كە لە كۆبوونەوەی بەردەوامی هاوڕێ و خزمەكان بەدەست دەهێنرێن.
دكتۆر ئادێلینا گشواندنەر نووسەری سەرەكیی توێژینەوەكە دەڵێت: "گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەوانەی خاوەنی ئاژەڵێكی ماڵین، ئەوا چێژ لە تەندروستییەكی باشتری دڵ و خوێنبەرەكان وەردەگرن، ئاژەڵە ماڵییەكانمان دەتوانن ئاستی هۆرمۆنی فشار، كۆرتیزۆڵ لە جەستەماندا كەم بكەنەوە، بەم شێوەیە كاریگەریی ئەرێنییان لەسەر پەستانی خوێن دەبێت و ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی كەم دەكەنەوە".