هاوكێشەی هاوسەنگی گرەنتیی سەركەوتنی منداڵان دەكات

:: AM:09:29:21/04/2025 ‌
لەسەر باوك و دایكانە كە بەرنامەیەكی پێویست و تەندروست بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی منداڵەكانیان بەراهەم بكەن، مەبەستیش سەركەوتنی منداڵانە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، بۆ ئەویش پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی لە راپۆرتێكدا وردەكاریی ئەو بەڕێوەبردنەی منداڵانی بڵاو كردووەتەوە كە ناوی "هاوكێشەی هاوسەنگی"ی لێ ناوە.

پێگەی "عەرەبیە" كە راپۆرتەكەی لە پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، هاوكێشەی هاوسەنگی بۆ منداڵان و جۆری ژیانیان زۆر پێویستە كە وا دەكات بەپێی بەرنامەیەك پەروەردە بكرێن و هەڵسوكەوت بكەن، بەجۆرێك دەبنە خاوەنی ژیانێكی تەندروست و لە هەموو بوارەكانی ژیاندا سەركەوتوو دەبن.

لەبارەی هاوكێشەی هاوسەنگی ئاماژە دراوە، هاوكێشەی "2: 5: 9" ستراتیجێكە كە سەعاتەكانی رۆژ دابەش دەكاتە سەر جۆری بەڕێوەچوونی كاتەكان، بۆ نموونە دوو سەعات دانراوە بۆ یاریكردن لە ژینگەیەكی كراوە و پاكدا. پێنج سەعات دیاری كراوە بۆ خوێندن و توێژینەوە و بەڕێوەبردنی خۆیان، هەروەها نۆ سەعاتیش بۆ خەوتن دیاری كراوە. بەوەیش منداڵا لە هەموو بوارەكانی ژیاندا سەركەوتوو دەبێت نەك تەنیا لە بواری خوێندن.

ئاماژە دراوە كە ئەگەر منداڵ تێرخەو بێت، كاتێك لە خەو هەڵدەستێت هەست بە وزەیەكی نوێ دەكات، بۆیە مێشكی باشتر كار دەكات و هاوكات زیرەك دەبێت، لەگەڵیدا توانای چارەسەركردنی كێشەكانیشی دەبێت. هەروەها ئەگەر منداڵ یاری لە ژینگەیەكی كراوە و پاكدا بكات، چالاك دەبێت و مێشكیشی ئاسوودەتر دەبێت.

هاوكێشەكە ئاماژە دەدات كە ئەگەر منداڵ بەپێی پێویست تێرخەو بێت، دەبێتە كەسێكی بەرهەمهێنەر، چونكە خەو تەنیا بۆ پشوو نییە، بەڵكو رۆڵێكی زۆر گرنگی بۆ گەشەكردنی مێشك و بیر و سەرنج و سەقامگیریی سۆزداری هەیە، بۆیە منداڵانی تەمەن شەش تا 12 ساڵ، نۆ سەعاتیان بۆ خەوتن پێویستە تا بتوانن بەباشی بواری خوێندن و فێربوون بەهێزتر بكەن، بۆیە سەلمێنراوە كە كەمخەوی سەرنج لاواز دەكات.

باس لەوەش دەكرێ كە خوێندن بەس نییە بۆ فێربوونی قووڵ، ئەگەر بواری بەڕێوەبردنی خود بۆ منداڵان فەراهەم بكرێت، ئەنجامەكەی دەبینرێت كە لەلایەك لە خوێندنی سەركەوتوو دەبێت و مێشكیشی بۆ فێربوون زیاتر گەشە دەكات و بەهێزتر دەبێت، ئەوەیش سەلمێنراوە كە منداڵان ئەگەر خۆیان شتەكان تاقی بكەنەوە، باشتر دەتوانن بە خۆیاندا بچنەوە و كارەكانیان باشتر دەبێت.

دواتریش باس لەوە كراوە كە گەورەترین هەڵەی باوك و دایكان ئەوەیە، منداڵان بە خوێندن ماندوو دەكەن و بواریان بۆ ناهێڵنەوە بۆ یاریكردن، بۆیە هاوكێشەی "2: 5: 9" دەتوانێ هاوسەنگی بۆ ژیانیان فەراهەم بكات بێ ئەوەی ماندوو بن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د