113 ساڵ بەسەر كارەساتی نغرۆبوونی كەشتیی تایتانیك تێپەڕ دەبێت كە تا ئێستەیش نهێنییەكانی ئەو كارەساتە لەسەر ئاستی دنیا بایەخی زۆری پێ دەدرێت. نامەیەك كە یەك لە رزگاربووانی ئەو كارەساتە لەسەر كەشتییەكە نووسیویەتی، لە زیادكردنێكدا بە پارەیەكی خەیاڵی هاتە فرۆشتن.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 27ی نیسان، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، فرۆشتنی ئەو نامەیە دوێنێ شەموو لە زیادكردنێكدا لە لەندەن، بە 300 هەزار پاوەند هاتە فرۆشتن و ئەوەی فرۆشتوویەتی، یەك لە رزگاربووانی كارەساتەكە كۆڵۆنێڵ ئارشیباڵد جرایسییە و نووسەری كتێبی "راستییەك لەبارەی تایتانیك"ـە. لەو كتێبە باس لە ئەزموونی خۆی لە كارەساتی 15ی ئەپریلی 1912 دەكات كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەزار و 500 كەس.
رۆژنامەی "گەردیەن" كە نامەكەی بڵاو كردووەتەوە و باس لەوە دەكات، ئەو نامەیە مێژووی 10ی ئەپریلی 1912ی لەسەرە و مۆری پۆستەی كوینزتاونی پێوەیە لە 11ی ئەپریلی 1912.
لە نامەكەدا نووسراوە، "كەشتییەكی جوانە، بەڵام جارێ چاوەڕێی كۆتایی گەشتەكە دەكەم ئەوكات بڕیاری لەبارەوە دەدەم". ئەوەیش نووسراوە "كەشتییەكە وەك هاوڕێیەكی لە مێژینەیە، ئەگەرچی زۆر گەوەیە، بەڵام هەموو بوارە خۆشگوزەرانییەكانی تێدا نییە".
دواتریش لە نامەكەدا نووسراوە، "جێگەی دڵخۆشییە كە لە تۆوە ئەو ماڵئاواییە جوانەم بینی، هیوای زۆرم بۆ سەركەوتن و دڵخۆشیت.. ئارشیباڵد جرایسی".
پسپۆرانی بوارەكە پێیان وایە ئەو نامەیە هی ئەوەیە لە مۆزەخانە پێشان بدرێت، چونكە بەهایەكی زۆر گەورەی مێژوویی هەیە كە پێوەیست بە كارەساتی تایتانیكە.
كەشتیی تایتانیك كە لە گەشتێكدا لە شاری ساوتمبتۆنی ئینگلتەرا و بەرەو نیویۆركی ئەمەریكا جووڵەی كرد، لە رێگەیدا لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی، لە شەوی 14 لەسەر 15ی 1912دا، خۆی بە چیایەكی بەفریندا كێشا و ئەو كارەساتەی لێ كەوتەوە، بەهۆیەوە هەزار و 500 كەس گیانیان لە دەست دا.