ئەمڕۆ بۆ هەمیشە بەرنامەی سكایپ دادەخرێت

:: AM:10:53:05/05/2025 ‌
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنجی ئایار بۆ هەمیشە بەرنامەی سكایپ دادەخرێت و بەرنامەی مایكرۆسۆفت تیمز شوێنی دەگرێتەوە، بەكارهێنەران دەتوانن هەژماری تایبەتی خۆیان لەو بەرنامەیە بكەنەوە و سەرجەم زانیاری و پێویستییەكانیان راستەوخۆ لە سكایپەوە بگوازنەوە سەری.

مایكرۆسۆفت دەڵێت، داخستنی سكایپ، یارمەتیی ئەو كۆمپانیایە دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی خۆی زیاتر بخاتە سەر مایكرۆسۆفت تیمز كە خزمەتگوزارییەكی تایبەتی كۆمپانیاكە خۆیەتی.

سكایپ تۆڕێكی پێوەندیكردنە كە لە ساڵی 2003 دروست كراوە، ئەم تەكنەلۆجیایە توانی لە سەرەتای ساڵانی 2000ـدا، بە پێوەندیی دەنگی و ڤیدیۆیی، ملیۆنان بەكارهێنەر لە سەرانسەری دنیا بە هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ لای خۆی رابكێشێت.

لە ساڵی 2005دا كۆمپانیای بازرگانیی ئەلیكترۆنی فرەنەتەوەیی ئیبەی (ebay) سكایپی كڕی، دواتریش لە ساڵی 2011دا كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بە بڕی 8.5 ملیار دۆلار كڕییەوە.



وشە - سۆران عەزیز