لە تووڕەییدا عێراق لە وڵاتە عەرەبییەكان پلەی یەكەم و لە دنیایشدا پلەی دووەمی بەدەست هێناوە

:: PM:02:55:19/05/2025 ‌
پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی راپۆرتێكی لەبارەی تووڕەیی هاووڵاتییانی وڵاتان لەسەر ئاستی عەرەبی و دنیا بڵاو كردووەتەوە، دەركەوتووە عێراق لە ئاستی وڵاتە عەرەبییەكان پلەی یەكەم و لە ئاستی دنیایشدا پلەی دووەمی بەدەست هێناوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی بیانی بەناوی Gallup Global Emotions، راپۆرتێكی لەبارەی "تووڕەیی" هاووڵاتییانی وڵاتان لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكان و وڵاتانی دنیا بەگشتی بڵاو كردووەتەوە، ئەنجامەكەی ئەوەبوو عێراق لە ئاستی وڵاتە عەرەبییەكان پلەی یەكەم و لە ئاستی دنیایشدا پلەی دووەمی بەدەست هێناوە.

ئەو راپۆرتەی رۆشنایی خستووەتە سەر تووڕەیی هاووڵاتییانی وڵاتانی عەرەبی و دنیا، ساڵی 2024ی بە نموونە وەرگرتووە و لیستێكی بە ناوی وڵاتان بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە لە تووڕەییدا عێراقییەكان لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكان، پلەی یەكەمیان وەرگرتووە، بەدوایدا لە پلەی دووەم ئوردن، پلەی سێیەم لیبیا، چوارەم تونس و مەغریب پێنجەم و لبنان شەشەم و ئیماراتیش لە پلەی حەوتەمدا هاتووە.

لەسەر ئاستی دنیایش راپۆرتەكە ئاماژەی داوە، قبرس لە تووڕەییدا بە پلەی یەكەم دێت، بەدوایدا عێراق پلەی دووەم وەردەگرێت، دوای ئەوەیش ئەرمینیا پلەی سێیەم و ئوردن پلەی چوارەم و كۆنگۆ لە پلەی پێنجەمدا دێت.

ئەو وڵاتانەی كەوتوونەتە ژمارە كۆتاكانی لیستەكە كە ئاستی تووڕەییان زۆر كەمترە لەوانەی لە سەرووی لیستەكەدان، ئاماژە بە ڤێتنام، فینلەند، ئیستونیا، پورتوگال و مەكسیك كراوە كە زۆر بەكەمی تووڕە دەبن.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د