زانستی دەروونی.. لە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ منداڵەكانتان وریای گوتەی نەگونجاو بن

:: AM:11:50:20/05/2025 ‌
لە زانستی دەروونیدا رۆشنایی زۆر خراوەتە سەر ئەوەی باوكان و دایكان چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن و چ وشە و دەستەواژەیەك بەرانبەریان بەكار بێنن، چونكە دواتر گوتەی نەگونجاو و نەشیاو بۆ داهاتوویان، كاریگەریی نەرێنی لە هەڵسوكەوتیان دەبێت، بۆیە پسپۆرانی بواری دەروونی بۆ پێگەیەكی ئەلیكترۆنی زانیاریی زیاتر دەخەنەڕوو.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام" میسری، بەپێی زانیارییەكانی پسپۆرانی بواری دەروونی، كاریگەریی نەرێنیی ئەو گوتە نەشیاو و نەگونجاوانە بڵاو دەكاتەوە كە زۆرجار باوكان و دایكان بەرانبەر بە منداڵەكانیان بەكاریان دێنن، كاریگەرییەكانیان بەشێوەیەكە كە داهاتووی منداڵەكان تاریك دەكات و كاریگەریی قووڵ لەسەر یادەوەری و ئەزموون و كەسایەتییەكەیان دروست دەكات. بۆیە لە چەند خاڵێك نموونەكان دەخەنە ڕوو.

كاتێك باوك یان دایك بە منداڵ دەڵێن "تۆ هەمیشە بێ سوودی"، ئەمە وا دەكات منداڵ هەست بێڕیزی بكات كە هیچ سوودێكی بۆ خۆی و دەوروبەری نییە، بۆیە وا دەكات بڕوای بە خۆی نەمێنێت و بۆ داهاتوویش نەتوانی رووبەڕووی ئاڵنگارییەكانی ژیانی ببێتەوە.

یان پێیان بگوترێ "خۆزگە لە دایك نەبوویتایە"، ئەمەیش وا دەكات منداڵ هەست بكات باوك و دایك لە ژیانیان رەتی دەكەنەوە، بۆیە هەست بە نەبوونی بۆشایی سۆز دەكات كە ئەمەیان بۆ منداڵ زۆر مەترسیدارە. یان پێی بگوترێ "بۆچی بە براكەت یان بە ئامۆزاكەت ناچیت"، ئەمەیش وا لە منداڵ دەكات تووشی ئیرەیی بێت و هەست بە كەمایەتیی بكات، لە داهاتوودا رقی لەلا دروست دەبێت.

هەندێك جار كە منداڵ بەهەر هۆكارێك دەست بە گریان دەكات، باوك یان دایك پێی دەڵێن، "بەسە ئیتر مەگری" یان "منداڵی بەهێز ناگری"، ئەو جۆرە گوتانە بۆ منداڵ كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی دروست دەكات، پێی وا دەبێت كە كەسێكی بێ هێز و بێ دەسەڵاتە و ئیتر گەورە نابێت. یان پێی دەڵێن "ئەگەر ئەو كارە نەكەیت ئیتر تۆمان خۆش ناوێت"، ئەویش بەهەمانشێوە منداڵ هەست بەوە دەكات خۆشەویستنی مەرجدارە، بۆیە هەست دەكات لە سۆز بێبەشی دەكەن. 

جاری وایش هەیە پێی دەگوترێ "تۆ خراپی و هەمیشە هەمان هەڵە دووبارە دەكەیتەوە" یان "هەمیشە كارێك بە هەڵە دەكەیت"، ئەو رستە و دەستەواژانە بەرانبەر بە منداڵ، وا دەكات هەست بەوە بكەن هیچ كارێكی باشیان لە دەست نایە، یان هەمیشە لە كارەكانیان شكست دێنن و دەبنە مایەی زیان، دواتریش وا دەكات بڕوایان بە تواناكانی خۆیان نەمێنێت.

هەندێك جاریش بە منداڵ دەگوترێ "بێ دەنگ بە و نازانی قسە بكەیت"، ئەوەیش كەمكردنەوەیە لە بیر و بۆچوونەكانیان و وایان لێ دەكات بڕوایان بە خۆیان نەبێت، یان رێگەیان لێ دەگیرێت كە بۆیان نەبێ بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو. یان هەڕەشەیان لێ دەكرێت و پێیان دەگوترێ، "ئەگەر كارێكی خراپ بكەی یەكسەر دەڕۆم"، ئەوكات منداڵەكە تووشی ترس دەبێت نەك باوك و دایكی لە دەست بكات، هاوكات هەست بووە دەكات لەهەر كارێكی ئاسایی هەڵە بكات، سزا دەدرێت، ئەوەیش بۆ داهاتوو كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی دروست دەكات.

یان بە منداڵ دەگوترێ "هەمیشە من تووشی شەرمەزاری دەكەیت"، لەو كاتەیشدا منداڵ هەست بەوە دەكات بۆ باوك و دایكی بووەتە مایەی شەرمەزاری، دواتریش وا دەكات نەتوانێ گوزارشت بۆ بۆچوونەكانی بكات و لە ژیانیدا ئازادیی لێ وەردەگیرێتەوە، دواتریش بڕوای بەخۆی نامێنێت.

بۆیە پسپۆرانی بواری دەروونی ئامۆژگاری دەكەن، رێگە بدەن منداڵەكانتان ئازادیی بۆچوونیان هەبێت ئەگەر هەڵەیش بێت، دواتر بە هێمنی دەتوانن هەڵەكانیان راست بكەنەوە. هەروەها كارەساتە منداڵ وای لێ بكرێت لە باوك و دایك و مامۆستا بترسێت، بۆیە هەرچی دەكرێت ئازادییان لێ وەرمەگرنەوە و هەڵسوكەوتی توندوتیژ بەرانبەر بە منداڵ، داهاتووی تاریكیان بۆ دروست دەكات و منداڵ زیاتر بە هێمنی شتەكان وەردەگرێ نەك ترس و توندوتیژی.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د