پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە بۆ حاڵەتێكی ئابڕووچوون لە كۆلێجێكی پزیشكیی حكوومی لە عێراق دەكات كە لە تاقیكردنەوەكان پرسیار و وەڵام بەیەكەوە بەسەر قوتابیان دابەش كراون، دووپاتی كردەوە كە ئەوان بەرانبەر بەو حاڵەتە بێدەنگ نابن.
حەیدەر متێری ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێت، كەمتەرخەمی گەیشتووەتە چ ئاستێك، كۆلێجێكی پزیشكیی حكوومی لە تاقیكردنەوە پرسیاری شیكاركراو بەسەر قوتابیان دابەش دەكات، ئەو گاڵتەجاڕییە پێشتر رووی نەداوە.
روونی كردەوە، ئێمە پێوەندیمان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد و بڕیارە تاقیكردنەوەكە دووبارە بكرێتەوە، جیا لەوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو حاڵەتە پێكهێنراوە، ئێمە بێدەنگ نابین تا هەموو كەمتەرخەمەكان لەو حاڵەتە سزا نەدرێن.
ئەو حاڵەتە لە كاتێكدا دێت كە كەرتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە عێراق بە دەست چەندان كێشە و بەر بەستی كەڵەكەبوو دەناڵێنن، هەر لە رووخانی ژێرخان و كەمیی پاڵپشتیی دارایی و نەبوونی چاودێری و پەرەسەندنی دیاردەی وانەگوتنەوەی تایبەت و دزەپێكردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان و دەرچوواندن لە بەرانبەر كاری بەدڕەوشتی و هیتریش، هەموو ئەوانەش نیشانەی پرسیار لەسەر كوالێتیی خوێندن و فێركردن و بڕوانامە و توانستی دەرچووان دروست دەكات.