زۆرجار پەرشوڵاوی ناو ماڵ وا دەكات ئەوانەی روو لەو جۆرە ماڵانە دەكەن، هەست بە بێزاری نائاسوودەیی بكەن، بۆیە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ماڵێكی رێك و پاك، زۆر گرنگە خۆتان لە كەلوپەلە بێكەڵكەكان رزگار بكەن و وەك كورد دەڵێ، "ماڵەكەت رووی مێوانی هەبێت".
پێگەی "ئەهرام"ی میسری لەوبارەیەوە بابەتێكی هەمەجۆری لە گۆڤاری Women's Health ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زۆرجار كەلوپەلی بێكەڵك لەناو ماڵدا كاتێك زۆر دەبن، وا دەكەن پەرشوبڵاوی بە ماڵەكەوە دیار بێت و بەبینینی ئەو دیاردەیە لە هەندێك ماڵدا، مرۆڤ هەست بە بێزاری دەكات تێیدا ئاسوودە نابێت، بۆیە گۆڤارەكە ئاماژە بە كەلوپەلە بێكەڵكەكان لە ماڵدا دەكات و ئامۆژگاری دەكات كە بە فڕێدانیان، دەبنە خاوەن ماڵێكی رێك و پاك.
چێشتخانەی ماڵ ئەو شوێنەیە كە زۆرجار كەلوپەلی بێكەڵكی زۆری تێدا كۆ دەبنەوە و فڕێ نادرێن، لە كاتێكدا ئەو كەلوپەلانە یان كۆن بوون یان بەكار نایەن، كەچی چێشتخانەكە پەرشوبڵاو دەكات، تەنانەت زۆربەیان بەهای فرۆشتنیشیان نییە، ئەگەر هەیە لەڕووی تەندروستیی نەشیاویش بن، باشترین رێگە فڕێدانیانە و چێشتخانەكەتان رێكتر و پاكتر بكەن.
رۆژانە ئێوە كە دەچنە بازاڕ و ماركێتەكان و كەلوپەل و خۆراك دەكڕن، تەواوی خۆراك و كەلوپەلەكان دەخرێنە ناو كیسەوە، ئەو كیسانە ئەگەر فڕێ نەدرێن، لە ناو ماڵدا كۆ دەبنەوە و پەرشوبڵاوی بە ماڵەكەوە دیار دەبێت، وەك ئەوەیش زۆرجار بینراوە كیسەی بێكەڵك فڕێ نادرێ و ناڕێكیی ماڵەكەی لێ دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر پێتان وابێ سوود لەو كیسانە وەردەگرن، باشترە لە شوێنێكی تایبەت كۆی بكەنەوە و ئەوی تریش فڕێ بدرێن.
زۆرجار جلوبەگی بێ كەڵك لەناو ماڵدا كۆ دەكرێنەوە بێ ئەوەی بەكار بهێنرێن و تەنیا پەرشوبڵاوی لە ماڵدا دروست دەكەن، هەندێك جلوبەرگ بچووك یان تەسكتر بوونەتەوە و فڕێ نادرێن، یان نادرێنە كەسانی تر سوودی لێ ببینن، بۆیە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتەیش پەرشوبڵاوی لە ماڵدا دروست دەكەن و ناڕێكی بە ماڵەكە دەردەكەوێت، بۆیە پێویستە بۆ رێكی و پاكی ماڵەكەتان، ئەو دیاردەیەیش لەناو ببەن.
زۆربەی ئەو ماڵانەی منداڵی بچووكیان هەیە، هەمیشە یاریی منداڵانەی تێدا دەبینرێت، یان شكاون یاخۆ منداڵەكە بەكاری ناهێنێت، بۆیە لەبەرئەوەی ماڵەكەتان رێك و پاك بێت، یارییە بێكەڵكەكان فڕێ بدەن یان بیدەنە كەسانی تر سوودی لێ ببینن.
كەم ماڵ هەیە چەندان كێبڵ و شاحینەی مۆبایل یاخۆ كۆنترۆڵی تەلەڤزیۆنی تێدا كۆ نەبنەوە بێ ئەوەی بەكار بهێنرێن، بۆ ئەوەی ماڵەكەتان رێك و پاك بێت، تەواوی كێبڵ و شاحینە و كۆنترۆڵە بێكەڵكەكان فڕێ بدەن.
دواتریش باس لە كۆكردنەوەی پێڵاوی كۆن یان دڕاو یاخۆ بەكارنەهێنراو دەكرێت كە لە زۆربەی ماڵەكاندا ئەو دیاردەیە دەبینرێت، لەبری ئەوەی ئەو پێڵاوە بێكەڵكانە ماڵەكەتان پەرشوبڵاو بكەن و ناڕێكی بكەن، بە فڕێدانیان ماڵەكەتان رێك و پاكتر دەبێت.