وریای ساردكەرەوەكەتان بن.. ئەو هەڵانەی زیان بەو ئامێرە دەگەیەنێت

:: PM:03:23:02/06/2025 ‌
لە هەموو ماڵەكاندا ئامێری ساردكەرەوە هەیە بۆ پارێزگاری لە خۆراك و ساردكردنەوەی ئاوی خواردنەوە، بەڵام زۆرجار مامەڵەی هەڵە لەگەڵ ئاو ئامێرە دەكرێت و ئاكامیش دەبێتە هۆی خراپبوونی ئامێرەكە یان تێكچوونی خۆراكەكانی ناوی. بۆیە لێرەدا چەند خاڵێك بۆ پارێزگاری لە ئامێرەكە و خۆراكەكان دەخرێنەڕوو.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری لەبارەی ئەو هەڵانەی لە ئامێری ساردكەرەوە دەكرێت و دواتر دەبێتە هۆی خراپبوونی ئامێرەكە و تێكچوونی ئەو خۆراكانەی تێیدایە، لە چەند خاڵێكدا ئاماژە بە جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئامێرە دەكات كە لە هەموو ماڵەكاندا هەیە، بۆ ئەوەی تووشی زیانی مادی و هاوكات تەندروستی نەبن، مامەڵە دروستەكان دەخاتە روو.

هەندێك جار بۆ ئەوەی وزەی كارەبا كەمتر بەكار بێنن، كەم نین ئەوانەی بە شەوان وزەی كارەبا لە ساردكەرەوەكە دەكوژێننەوە، بەڵام ئەوە زیانی زۆر بە ئامێرەكە و ئەو خۆراكانەی تێیدایە دەگەیەنێت، چونكە ئەوكاتەی كارەبا لە ساردكەرەوە دەكوژێنیتەوە، پلەی گەرمی لە ناوەوەی بەرز دەبێتەوە، جیالەوەی زیان بە خۆراكەكان دەگەیەنێت، هاوكات كاتێك بە رۆژ كارەبای پێ دەگەیەنیت، ماوەیەكی زۆری دەوێت تا دەگاتە پلە دروستەكەی كە ئامێرەكە پێویستیی پێیەتی. هاوكات ئەو هەموو كوژانەوەیەی كارەبا لە ئامێرەكە، وا دەكات تەمەنی ئامێرەكە كورتتر بێت.

هەروەها كاتێك شەو تا بەیانی وزەی كارەبا لە ساردكەرەوە دەكوژێنیتەوە، كارگەریی زۆر خراپی لەسەر خۆراكەكان دەبێت و بەهۆیەوە بەكتریای زیاتر لە خۆراكەكان كۆ دەبنەوە، زۆرجاریش بەشێك لە خۆراكەكان تێكدەچن و لە خواردنیان مرۆڤ تووشی ژەهراوی دەكەن، جاریش هەیە ئەو ژەهراویبوونەیش مەترسی لەسەر گیانیش دروست دەكات.

ئەو پێگە میسرییە لە چەند خاڵێكدا ئامۆژگاری دەخاتەڕوو كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئامێری ساردكەرەوە بكرێت. بەر لەهەر شتێك ئاماژە بە شوێنی ئامێرەكە دەكات كە دەبێ لە ئامێری گەرمكەرەوە دوور بێت، هەروەها تیشكی خۆر راستەخۆ لێی نەدات، جیالەوەی هەوڵ بدرێت زۆر بە دیوارەوە نەنووسێت و بوارێك هەبێت بۆ وەرگرتنی هەوا.

لەبارەی جۆری دانانی خۆراك لە ساردكەرەوە دەڵێت، زۆر گرنگە خۆراك ئەگەر بەتەواوی سارد نەبێت، نەكرێتە ناو ئامێرەكە، چونكە دانانی خۆراكی گەرم، وا دەكات ماتۆڕَی ئەو ئامێرە توانای زیاتری بوێت بۆ ساردكردنەوەی، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر ماتۆڕەكەی دەكات و ئەگەری زۆرە بۆ ماوەیەكی كەم لە كاری بكات.

هەروەها ئامۆژگاری دەكات كە زۆر وریای داخستنی دەرگای ساردكەرەوەكە بن، چونكە جاری هەیە ئەگەر دەرگاكەی بە باشی دانەخرابێت، ئەوكات هەوا دەچێتە ناوی و كاریگەریی لەسەر پلە دروستەكەی ئامێرەكە دەكات و بەهەمانشێوە، دەبێتە هۆی خراپبوون و تێكچوونی ئامێرەكە و ئەو خۆراكانەی تێیدایە.

دواتریش پێگەكە دەڵێت زۆر وریای ئەوە بن ئامێری ساردكەرەوە، نە دەبێ زۆر پڕ بێت و نە دەبێ هیچی تێدا نەبێت واتە بەتاڵ نەبێت، چونكە لە هەردوو حاڵەتدا كاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر ئامێرەكە دەبێت، بۆیە لەو حاڵەتەدا دەبێ ساردكەرەوە نە زۆر پڕ بێت و نە بە بۆشایی و بەتاڵی بمێنێتەوە، واتە خۆراكەكانی ناوی بە رێژە مامناوەند بن تا پلەی گەرمیی دروستی خۆی وەربگرێت.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د