سۆران چاوەڕوانی هاتنی 100 هەزار گەشتیار دەکات لە ڕۆژانی جەژندا

:: PM:06:26:07/06/2025 ‌

بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى سۆران راى گەیاند، چاوەڕێ دەکەین بۆ ئەمساڵ لە ڕۆژانى جەژندا، 100 هەزار گەشتیار سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى ئیدارەى سۆران بکەن.

ئەمڕۆ شەموو، حەوتى حوزەیرانى 2025، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تەواوی ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. گوتیشی، هاوئاهەنگییەکى زۆرباش و کاریگەر لەنێوان بەڕێوبەرایەتیی پۆلیس و بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران سۆران هەیە بۆ دڵنیا بوون لە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا.

فەیسەڵ سادق، دووپاتى کردەوە، ئەم هەوڵانە تەنیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیارانى ڕۆژانى جەژن نییە، بەڵکو بەشێکن لە ستراتیجییەتێکی درێژخایەن بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری لە تەواوی وەرزی هاویندا، ئامانجی سەرەکی بەرزکردنەوەی ئەم ژمارانەیە لە ماوەکانی داهاتوودا، بە مەبەستی گۆڕینی سۆران بۆ ناوەندێکى گەشتیاریی جێگیر لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەرەکە زیاتر گوتى، هیواخوازین بتوانین ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی سەرکەوتووتر بەرەوپێش ببەین، بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی ئابووریی ناوچەکە و دابینکردنی هەلى کار بۆ خەڵکی ناوچەکە.

سۆران وەکى ئیدارەیەکى سەربەخۆ لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەکەوێتە باکورى رۆژهەڵاتى هەولێر و بەهۆى سروشتە جوانەکە و مێژووەکەى، ساڵانە گەشتیارێکى زۆر ڕووى تێدەکەن.

کرمانج فەتاح/وشە


وشە - رزگار خدر