ڕۆژانی یەکەم و دووەمی جەژنی قوربان، دەیان هەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەکانى شارۆکەى رواندز کردووە.
ئەمڕۆ شەموو، حەوتى حوزەیرانی 2025، پارێز یوسف، بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى رواندز بە "وشە"ی گوت، تەنیا لە ڕۆژی یەکەمی جەژندا 59,300 کەس سەردانی ڕواندزیان کردووە. لە ڕۆژی دووەمیشدا ئەم ژمارەیە بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی 100,000 کەس.
زیاتر گوتی، ئەم زیادبوونە بەرچاوە لە ژمارەی گەشتیاران نیشانەی ئەوەیە، کە ڕواندز وەک شوێنێکی گەشتیاریی سەرەکی لە ناوچەکەدا جێگەی خۆی کردووەتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژگارە تایبەتەکانی وەک جەژنەکان.
پارێز یوسف گوتیشی، ئەم هاتوچۆیە زۆرەی گەشتیاران کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر بواری گەشتیاری و ئابووریی ڕواندز.
هەروەها ئاماژەى دا، هەموو شوێنە گەشتیارەکانی شارەکە پڕ بوونە لە گەشتیار، بە جۆرێک هەرچی هۆتێل و مۆتێلەکانە تەواو پڕ بوونە و هیچ جێگایەکی بەتاڵ نەماوە.
ئەم بەڕێوەبەرە زیاتر گوتى، لە هەمان کاتدا جووڵەى بازاڕ زیادی کردووە کە دەرفەتێکی گونجاوە بۆ بازرگانان و خاوەن دوکان و کارگەکان کە فرۆشی زیاتریان هەبووە.
وشە/ کرمانج فەتاج