زۆرینەی دانیشتووانی شارۆچكەیەكی ئیتاڵیا تەمەنیان دەگاتە زیاتر لە 100 ساڵ

:: AM:10:27:14/06/2025 ‌
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە كە چەندان ساڵی خایاندووە، دانیشتووانی شارۆچكەیەكی باشووری ئیتاڵیا، تەمەنیان دەگاتە زیاتر لە 100 ساڵ و هەموویان لە تەندروستییەكی باشدا دەژین.

توێژینەوەكە بە بەشداریی چەندان زانا لە سەرانسەری دنیادا لەسەر دانیشتووانی شارۆچكەی ئیچیارولی ئەنجام دراوە و دەركەوتووە، دانیشتووانی ئەو شارۆچكەیە بەهۆی گرتنەبەری سیستمێكی خۆراكیی تەندروست و شێوازێكی چالاكیی رۆژانە، تەمەنیان دەگاتە سەرووی 100 ساڵ و هەمیشە لە رەوشێكی تەندروستیی زۆر باشدان.

پێگەی سایتك دەیلی كە ئەنجامی توێژینەوەكەی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە دوو فاكتەری سەرەكیی لە پشت تەمەندرێژیی دانیشتووانی شارۆچكە ئیتاڵییەكەوەیە، یەكەمیان سیستمی خۆراك و دووەمیشیان شێوازی ژیانی رۆژانە، زۆربەی دانیشتووانی ئیچیارولی خاوەن لەشولارێكی رێك و لە رەوشێكی تەندروستیی زۆر باشدان، ئەوان بەشێوەیەكی زۆر سەوزە و میوەی فرێش و پاقلەمەنی دەخۆن، رۆژانە لەگەڵ ژەمەكانیاندا زەیتی زەیتوونی بەرهەمی ناوچەكەی خۆیان بەكار دەهێنن و تەنیا بڕێكی كەم گۆشتی سوور دەخۆن.

توێژینەوەكە كە ماوەی 10 ساڵی خایاندووە، ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە خەڵكی شارۆچكە ئیتاڵییەكە، كەمترین رێژەی سترێس و دڵەڕاوكێیان هەیە و زۆر ئارام و لەسەرخۆن و رۆژانەش وەرزش دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز