لە بەرنامەیەكی تایبەت بە بەهرەوەران لە ئەمەریكا، گرووپێكی رۆبۆتی هاوشێوەی سەگ كە سەربە كۆمپانیای بۆستن دینامێكس بۆ رۆبۆتەكانن، بە سەماكردن لەگەڵ گۆرانیدا بەشدارییان كرد. ئەوەیش ئەزموونێكی تری ئەو كۆمپانیایەیە لە پێشكەوتنی رۆبۆتەكان.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 14ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، گرووپێكی رۆبۆت كە هاوشێوەی سەگ دروست كراون، بەشدارییان لە بەرنامەی "ئەمەریكا گۆت تاڵنت" كرد، بەشدارییەكەیان بە سەماكردنی بەكۆمەڵ لەگەڵ گۆرانی بوو. ئەو رۆبۆتانە لەلایەن كۆمپانیای بۆستن دینا مێكس بۆ رۆبۆت دروست كراون، ئەوەیش ئەزموونێكی نوێی ئەو كۆمپانیایەیە و پێشانی دنیای داوە.
ئاماژە دراوە كە سەمای رۆبۆتەكان لەو بەرنامەیەدا زۆر ناوازە بووە، بەجۆرێك هەر چوار ئەندامی لیژنەی دادوەری بەرنامەكە، بەبینینی سەمای رۆبۆتەكان زۆر سەرسام بوون، وێڕای ئەوەی یەك لە رۆبۆتەكان لە كاتی سەماكەدا راوەستا و كاری نەكرد، بەڵام چوار رۆبۆتەكەی تر بەردەوام بوون تا تەواوی گۆرانییەكە و سەماكەیان بەكۆتا هێنا.
بەپێی ئەوەی پێگەی TechCrunch تایبەت بە هەواڵی تەكنەلۆجیا بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی سەمای رۆبۆتەكانەوە باسی لەوە كردووە كە سەماكەیان لەگەڵ گۆرانیی Dont Stop Me Now بووە، بەڵام بەشێوەیەك سەمایان كردووە، بووەتە هۆی سەرسامیی لیژنەی دادوەری بەرنامەكە.
دواتریش دووپات كراوەتەوە كە ئەزموونەكەی كۆمپانیاكە لەبارەی رۆبۆتەكانەوە سەركەوتوو بووە. لەبارەی نرخی رۆبۆتەكانیشەوە ئاماژە دراوە، هەریەك لەو رۆبۆتانە نرخی دەگاتە 74 هەزار و 250 دۆلار.