خەڵاتی ئۆسكاری شانازی دەدرێتە تۆم كرووز

:: AM:10:04:18/06/2025 ‌
بەر لە دەستپێكردنی ئاهەنگەكانی دابەشكردنی خەڵاتی ئۆسكار بۆ ساڵی 2026، بڕیار درا خەڵاتی "ئۆسكاری شانازی" پێشكەش بە هونەرمەندی جیهانی تۆم كرووز بكرێت. ئەوەیش لە فێستیڤاڵی ئۆسكاردا یەكەمین جارە خەڵاتەكە بدرێتە ئەو هونەرمەندە، بەرانبەر بە زیاتر لە 40 ساڵ لە كاری سینەمایی لە دنیای هۆڵیوود.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 18ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، تۆم كرووز /62 ساڵ/ وەك ئەستێرەی نواندنی سینەمایی و هاوكات بەرهەمهێنەری فیلم لە هۆڵیوود، لەلایەن سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی ئۆسكار، ئەو خەڵاتەی پێ دەدرێت، وێڕای پێشكەشكردنی هەمان خەڵات بۆ دیبی ئاڵن دیزاینەری سەماكان و وێن تۆماسی بەرهەمهێنەر. هەروەها دولی بارتن خەڵاتی جان هێرشۆلتی مرۆیی، بۆ كارە مرۆییەكانی لە ماوەی چەند دەیەی رابردووەوە پێشكەش دەكرێت.

تۆم كرووز تا ئێستە چوار جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار كاندید كراوە، بەڵام خەڵاتەكەی نەبردووەتەوە، وێڕای ئەوەی ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری هۆڵیوودە و بە رۆڵە ئەكشنەكانی لە سینەمای هۆڵیوود، زۆرترین رۆشنایی لەسەرە.

لەوبارەیەوە ئەكادیمیای هونەرەكان و زانستی وێنەی جووڵاو كە ساڵانە خەڵاتی ئۆسكار دەبەخشێتە كەسایەتییەكان و فیلمە براوەكانی فێستیڤاڵەكە، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لە كۆمەڵگەی پیشەسازیی فیلم و ئەزموونەكانی لە شانۆ، تۆم كرووز هەموومانی سەرسام كردووە، بۆیە جێگەی خۆیەتی خەڵاتی ئۆسكاری شانازیی پێ ببەخشرێت.

دیبی ئاڵنیش /75 ساڵ/ هەمان خەڵاتی پێشكەش دەكرێت بەهۆی كاروانی هونەریی بۆ ماوەی پێنج دەیە لە دیزاینكردنی سەماكانی ئاهەنگەكانی ئۆسكار، جیا لە كاركردن لە فیلمە سینەماییەكان. هەروەها وێن تۆماس بەهۆی بەرهەمهێنانی فیلمەكان و نموونەیان "مالكۆڵم ئێكس" و "دو زە راست سینگ"، خەلاتی پێ دەدرێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د