كەمێك لەمەوبەر هەواڵی گرتنی هونەرمەند عەزیز وەیسی، بڵاو بووەوە كە گوایە لە شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن پاسدارانەوە گیراوە.
هەرچەندە هەواڵەكە هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵام "وشە" لە زاری دوو سەرچاوە و نزیكی ئەو هونەرمەندەوە زانیویەتی، كە لە بەیانیی ئەمڕۆوە هیچ سۆراغێكی نەبووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە گیرا بێت.
سەرچاوەكانی "وشە" تا ئێستە هەواڵی گرتنی عەزیز وەیسیان پشتڕاست نەكردووەتەوە، لە سۆراغدان بۆ ئەوەی بزانرێ كە گیراوە یان بەهۆی پچڕانی هێڵەكانی پێوەندی و ئینتەرنێت بێ سۆراغە.
عەزیز وەیسی، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، یەكێكە لە هونەرمەندە ناسراوەكان كە بە ڕیتمی خێرا گۆرانی دەڵێت و لە ماوەیەكی كەمدا توانی ناوبانگێكی زۆر بۆ خۆی بەدەست بێنێت.
عەزیز وەیسی، لە ساڵی 1968 لەدایك بووە، گۆرانیبێژی ناوداری شایی خوێنی كوردە، لە سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای كرماشان لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، ئێستە دانیشتووی جوانڕۆیە لە رۆژھەڵاتی كوردستان.
دوێنێ لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، ئەو هونەرمەندە رای گەیاند، رەوشی رۆژهەڵاتی كوردستان خراپە و پێدەچێ سبەی /واتا ئەمڕۆ بێتە هەولێر/، بەڵام هەر ئەمڕۆ هەواڵی گیرانی بڵاو بووەوە.