ئەلیسا: هەموو ئەوكاتەی چارەسەری شێرپەنجەم وەردەگرت نەمهێشت دایكم بزانێت

:: AM:10:16:19/06/2025 ‌
گۆرانیبێژی ناوداری عەرەب و لبنان رای گەیاند، كاتێك تووشی شێرپەنجە بووە، ئەو هەموو كاتە چارەسەری وەرگرت تا چاك بووەوە، نەیهێشت دایكی بزانێت، چونكە بەرگەی دڵتەنگیی دایكمی نەدەگرت.

ئەلیسا كە بەیەكێك لە گۆرانیبێژە هەستبزوێنەكانی عەرەب دێتە ژماردن، لەبارەی نەخۆشییەكەیەوە رای گەیاند، تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە.

ئەو هونەرمەندە بۆ كەناڵی رۆتانا قسەی كردووە و گوتی، پزیشكەكان پێیان گوتم تووشی شێرپەنجەی مەمك بووم، منیش یەكەمین كەس بەخەیاڵمدا هات دایكم بوو كە چۆن بەهۆی منەوە نیگەران نەبێت.

ئەلیسا دەڵێت بڕیارم دا چارەسەر وەرگرم، بەڵام نەمهێشت دۆخی ماڵەوە بەهۆی منەوە تێكبچێت.

ئەو هونەرمەندە باسی لەوە كردووە كە ئەو هەموو ماوەیە نەخۆشییەكەم لە دایكم شاردەوە و نەمهێشت بزانێت، ئەوەش لەبەرئەوەی من نەمدەتوانی دایكم بەغەمباری و دڵتەنگی ببینم.

ئەلیسا دەشڵێت: كاتێك چارەسەرم وەرگرت، سینگ و بەشێكی جەستەم تووشی سووتانەوە بوو، بۆیە بەردەوام كراسێكم لەبەر دەكرد تا دایكم برینەكانم نەبینێ، سەرەڕای ئەوەی ئازار و چارەسەرەكان قورس بوون، بەڵام هەر ئازاری دڵی دایكم بەلاوە گرنگ بوو.

ئەلیسا باسی لەوەش كردووە كە ئێستە شێرپەنجەی تێپەڕاندوە و سەلامەتە و ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێ دەكات.



وشە - سۆران عەزیز