کوردستان لەناو گەرمای "کوڵێنەر"دایە و لافاو لە پاکستان 11 کەسی کوشت

:: PM:01:08:27/06/2025 ‌
لە کاتێکدا شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما بەرەو نیوەی پلەی کوڵان هەڵدەکشێن، لە وڵاتی پاکستان لافاو کارەساتی خوڵقاندووە و بەپێی دوایین ئامارەکان، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 11 کەس.

بەپێی میدیا پاکستانییەکان ئەمڕۆ هەینی 27ی حوزەیران، 11 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی پاکستان بەهۆی زریانی بەهێز و لافاوەوە گیانیان لەدەست داوە. دەستەی کەشناسیی پاکستانیش هۆشداری داوە لەبارەی ئەگەری بارانبارینی بەخوڕتر و ڕوودانی لافاوی زیاتر لە سەعاتەكانی داهاتوودا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پاکستان هێشتا بەدەست کاریگەرییەکانی لافاوە کارەساتبارەکەی تەمموزی 2023 دەناڵێنێت، کە زیانی زیاتر لە 40 ملیار دۆلاری بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندبوو.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەم دۆخەوە، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان لەوپەڕی جیاوازیدایە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە کە بۆ ئەمڕۆ هەینی، ئاسمانی هەرێم بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەك بۆ دوو پلە بەرزتر دەبنەوە.

بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما لە شارەکانی هەرێم ئاستی مەترسیدار تۆمار دەکەن، بۆ نموونە لە کەرکووک و گەرمیان 46 پلە، هەڵەبجە 44 پلە، هەولێر و سۆران و زاخۆیش 43 پلەی سیلیزی دەبێت.

بۆ سبەی شەموویش پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای گەرم و ئاسمانی ساماڵ بەردەوام بێت و پلەکانی گەرما لە هەمان ئاستە بەرزەکاندا بمێننەوە.





وشە - پۆڵا مەحموود