منداڵان له‌ پشووی هاوینه‌ چۆن هاوسه‌نگی له‌ نێوان خۆشڕابوێری و به‌هره‌كانیان دابنێن؟

:: PM:04:04:01/07/2025 ‌
كاتێك پشووی هاوینه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و منداڵان و هه‌رزه‌كاران بۆ خۆشڕابوێری كاته‌ خۆشه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی ئامۆژگاری ده‌كات كه‌ هه‌مان ئه‌و توێژه‌ ناسكه‌ له‌ كاتی پشووی هاوینه‌دا، ده‌توانن كاته‌ خۆشڕابوێرییه‌كان ئاوێته‌ی به‌هره‌كانیان بكه‌ن، واته‌ له‌لایه‌ك كاتیان به‌خۆشی به‌سه‌ر ببه‌ن و چێژی لێ ببینن، له‌گه‌ڵیدا بایه‌خ به‌و به‌هرانه‌ بده‌ن كه‌ له‌و پشووه‌دا كاتی زیاتریان له‌ به‌رده‌سته‌.

پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی "ئه‌هرام" له‌ رێگه‌ی زانیاریی پسپۆرانی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، هه‌واڵی له‌باره‌ی كاته‌ خۆشه‌كانی منداڵان له‌ پشووی هاوینه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. له‌وێدا پسپۆران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ زۆر گرنگه‌ منداڵان و هه‌رزه‌كاران له‌ پشووی هاوینه‌دا، كاته‌كانیان بۆ خۆشڕابوێری، ئاوێته‌ی گه‌شه‌پێكردنی به‌هره‌كانیان بكه‌ن، واته‌ ئه‌و توێژه‌ ده‌توانن وێڕای كاته‌ خۆشه‌كانیان كه‌ چێژی لێ ده‌بینن، له‌گه‌ڵیدا بایه‌خ به‌و به‌هرانه‌ بده‌ن كه‌ تێكه‌ڵ به‌ چێژه‌كه‌یان ده‌بێت و هاوكات گه‌شه‌ به‌ به‌هره‌كانیان ده‌كه‌ن.

به‌پێی گوته‌ی پسپۆرانی بواری ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی، خۆی پشووی هاوینه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ منداڵان بۆ پشووی ده‌روونی و جه‌سته‌یی سوودی لێ ببینن، واته‌ له‌ رۆتینی رۆژانه‌ و دانیشتن له‌سه‌ر ته‌خته‌ی ناو پۆل و خه‌وتنی رێكخراو دوور بكه‌ونه‌وه‌ و كاته‌كانیان به‌ ویستی خۆیان و به‌دڵخۆشی به‌سه‌ر ببه‌ن، زیاتر بتوانن كات له‌گه‌ڵ خێزان و هاوڕێكانیان به‌سه‌ر ببه‌ن، به‌ڵام ده‌كرێ وێڕای خۆشڕابوێرییه‌كانیان، له‌گه‌ڵیدا بایه‌خی زیاتر به‌ به‌رهه‌ره‌كانیان بده‌ن و سوود له‌و كاتانه‌ وه‌ربگرن.

زیاتر ده‌ڵێن، بۆ په‌ره‌پێدانی به‌هره‌كانیان، منداڵان ده‌توانن له‌ پشووی هاوینه‌دا كات بۆ فێربوونی زمانێكی جیاواز له‌ زمانی ته‌رخان بكه‌ن. یان خۆیان فێری ئامێرێكی موزیكی بكه‌ن كه‌ وێڕای په‌ره‌پێدانی ئه‌و به‌هره‌یه‌، له‌گه‌ڵیدا چێژ له‌ ده‌نگی موزیك وه‌رده‌گرن، یاخۆ چوونه‌ ناو خولێكی تایبه‌ت به‌ نیگاركێشان و كۆمپیوته‌ر و زۆر ئاره‌زووی تر كه‌ منداڵان چێژی لێ ده‌بینن.

هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ خۆشڕابوێری جیاواز و دوور نییه‌ له‌ فێربوون، واته‌ ده‌توانرێ له‌گه‌ڵ خۆشڕابوێرییه‌كه‌، چێژ له‌ فێربوونیش وه‌ربگیرێت، بۆ نموونه‌ سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كان، یان گه‌شتی رۆشنبیری یاخۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێب، ته‌نانه‌ت یاریی ئه‌لیكترۆنی ئه‌گه‌ر به‌ دروستی سوودی بۆیان هه‌بێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌پێی ته‌مه‌ن و قۆناغه‌كانی منداڵی، ده‌توانرێ سووریان لێ وه‌ربگیرێت.

دواتریش پسپۆرانی بواری ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی، دێنه‌ سه‌ر رۆڵی خێزان و له‌ناویدا باوك و دایك له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌وان ده‌توانن به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی پشووی هاوینه‌، ئاماده‌كارییان بۆ منداڵه‌كانیان كردبێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پشووه‌ چۆن سوود له‌ كاته‌كانیان وه‌ربگرن، سوودوه‌رگرتن به‌و واتایه‌ی منداڵ له‌لایه‌ك چێژ له‌ پشووه‌كه‌ وه‌ربگرێت، له‌لایكی تریشه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كانی بدات، واته‌ هاوسه‌نگییه‌ك له‌ نێوان به‌هره‌ و خۆشڕابوێری دابنێت.

بۆیه‌ ئاماژه‌ ده‌ده‌ن كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كیی دایك و باوكان ئه‌وه‌یه‌ رێنوێنیی منداڵه‌كانیان له‌ پشووی هاوینه‌دا بكه‌نه‌ خه‌م و پلان دروستیان بۆ دابنێن، گرنگه‌ منداڵ بزانێ هاوسه‌نگییه‌ك له‌ نێوان خۆشرابوێری و فێربوون هه‌یه‌ و پێویسته‌ چێژ له‌ هه‌ردوو بواره‌كه‌ وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پشووه‌دا كاته‌كانیان به‌ دڵخۆشی و به‌سوود به‌سه‌ر ببه‌ن. 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د