"ئەگەر شەڕی ئەتۆمی هەڵگیرسا تەنیا دوو شوێن سەلامەتن"

:: PM:08:22:02/07/2025 ‌

لەگەڵ دروستبوونی ئاڵۆزی و پەرەسەندنی دۆخەكە و هەڵگیرسانی هەر شەڕێكی ئاسایی، باسی ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زلهێزەكان و هەڵگیرسانی شەڕێكی ئەتۆمی دەكرێت، ئەوەش ترس و تۆقین لای خەڵك دروست دەكات، لەوكاتەی تەنانەت شارەزایانیش تەنیا بە شێوەیەكی تیۆری پێشبینی دەكەن كە چی روودەدات، ئاماژە دەكەن ئەگەر شەڕی ئەتۆمی رووبدات تەنیا دوو شوێن لە دنیا بە سەلامەتی دەمێننەوە.

شارەزایانی سەربازی پێیان وایە هەر شەڕێكی ئەتۆمی وێرانكەر دەبێت، چونكە جیا لە وێرانبوونی راستەوخۆ، تیشكی وێرانكەر لە تەواوی دنیا بڵاو دەبێتەوە و پیسی دەكات و ژیان لەناو دەبات، رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی لە راپۆرتێك لە ئانی جاكۆبسن پسپۆڕ لەو بوارە دەگوازێتەوە، لە حاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕێكی وێرانكەری ئەتۆمی، تەنیا دوو شوێن سەلامەتن، ئەوانیش ئوسترالیا و نیوزلەندان.  

زیاتر گوتی، لە حاڵەتی روودانی كارەساتێكی ئەتۆمی لە بەشی باكوری زەوی، وڵاتانی نیوەی باشوور تەنیا ناوچە دەبن كە كشتوكاڵیان تیادا بمێنێتەوە، واتە ئوسترالیا و نیوزلەندا، چونكە هەندێك ناوچەی وەك ئۆكراینا 10 ساڵ بە بەفر دادەپۆشرێت و كشتوكاڵی تیادا نامێنێت و ئەوكاتیش خەڵك دەمرن، ئەوە جیا لە ژەهراویبوون بە تیشك، چونكە چینی ئۆزۆن زیانی پێ دەگات و وا دەكات كەس نەتوانێت بچێتە بەر تیشكی خۆرەوە.

دووپاتی كردەوە، بۆیە خەڵك ناچار دەبێت لەژێر خاكدا بژیت و ململانێی خۆراك دەست پێ دەكات، جگە لە ئوسترالیا و نیوزلەندا، جاكۆبسن لە كتێبێكی دەڵێت، بێگومان ملیۆنان كەس بەهۆی تۆپەڵی ئاگرینەوە دەمرن، ئەو دەیخەمڵێنێت كە هەروەها پێنج ملیار كەس بەهۆی زستانی ئەتۆمی و نەبوونی خۆراكەوە گیان لەدەست دەدەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل