بۆ یەكەمجار كوردێك لە زانكۆیەكی ئەمەریكا دەبێتە سەرۆكی بەشی كۆمەڵناسی

:: AM:10:16:03/07/2025 ‌
بۆ یەكەمجار كوردێك لە ئەمەریكا لە زانكۆیەكی بەناوبانگ، دەكرێتە سەرۆكی بەشی كۆمەڵناسی.

د. ئەحمەد محەمەدپوور توێژەری دیاری كورد، وەك سەرۆكی بەشی كۆمەڵناسی زانكۆی بێنتلی ئەمەریكا دیاری كرا.

د. ئەحمەد لەدایكبووی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستانە. بڕوانامەی دكتۆرای كۆمەڵناسی لە زانكۆی شیراز و دكتۆرای مرۆڤناسی لە زانكۆی ماساچۆستی ئەمەریكا وەرگرتووە. 

ئەحمەد محەمەدپوور زیاتر لە دوو دەیەیە، توێژینەوەی لە زانكۆی بوعەلی سینای هەمەدان و زانكۆی سەڵاحەدینی هەولێر، زانكۆی وێندریبڵ، زانكی ماساچۆست و زانكۆی ئاڵابامای كردووە. 

د. ئەحمەد نووسەری كتێبی مێتۆدۆلۆجی لە ساڵی 2010، سیاسەتەكانی میتۆد لە ساڵی 2015 و مێژوو بە گێڕانەوەی فەلسەفە لە ساڵی 2018یە. دەیان گوتاری زانستیشی بە زمانەكانی ئینگلیزی، فارسی و كوردی لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی دنیا بڵاو كردووەتەوە.

د. ئەحمەد محەمەدپوور لە ساڵەكانی 1999 تا 2012 بەشێوەی مەیدانی لە شارەكانی سەردەشت، بانە، مەهاباد، مەریوان و هەورامان، توێژینەوەی كردووە و تێزی دكتۆراكەی لەسەر گۆڕانكاری و پێشڤەچوونە كۆمەڵایەتییەكان لە هەورامان بووە، تێزێكی تری دكتۆراكەیشی لەبارەی كۆڵبەری لە كوردستان بووە.

توێژینەوەكانی ئەمدواییانەی دكتۆر محەمەدپوور لەسەر كۆلۆنیالیزمی ناوخۆ بە كەمینەكردنی نەتەوەكان و سیاسەتی دژە گەشە لە ئێران بۆ سەر كوردستان بووە، گوتارەكانیشی لە میدیا دیارەكانی دنیا بڵاو كردووەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز