ئینگريد سانتۆس، ناوبژیوانی بەرازیلی، ڕووبەڕووی داواکارییەکی زۆر بووەتەوە بۆ دوورخستنەوەی لە بەڕێوەبردنی یارییەکان، بەڵام هۆکارەکە ئاستی خراپی ناوبژیوانییەکەی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە بەهۆی دەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکەیەوە، گوایە سەرنجى یاریزانان تێکدەدات.
سانتۆسی تەمەن 34 ساڵ،
لەنێو ناوەندی تۆپی پێی بەرازیلدا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە، دوای ئەوەی ژمارەیەک یاریی گرنگی بەڕێوە بردووە، لەوانە یارییەکانی پاڵەوانێتیی "کۆپا سودئەمەریکا"، هەندێک لە یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی لە کیشوەری ئەمەریکای باشوور و یارییەکانی تۆپی پێی ژنان.
سانتۆس وەک یاریدەدەری ناوبژیوانی سەرەکی کار دەکات، ئامادەبوونە سەرنجڕاکێشەکەی بووەتە جێی بایەخی میدیا و هاندەران.
بەڵام ئەم سەرکەوتنە پیشەییە، سانتۆسی لە ڕەخنەکان دوور نەخستووەتەوە، چونکە چەندان یانە بە فەرمی سکاڵایان تۆمار کردووە و داوایان کردووە لە هەندێک یاری دوور بخرێتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، ناڕەزایەتییەکان پێوەندییان بە بڕیارەکانییەوە نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە "جوانییەکەی دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاشکرای سەرنجی یاریزانان".
ئینگريد لە لێدوانێکی پێشووتریدا، باسی لەو جیاکارییە کردبوو کە لەنێو یاریگاکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوە دابوو، زۆرجار لەکاتی کارکردنیدا گوێی لە قسەی "نابەجێ" دەبێت. هەروەها ئاشکرای کردبوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گێچەڵانەی بەردەوام تووشی دەبێت، سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە.
تاوەکو ئێستە، یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی سکاڵاکان یان ئەگەری ڕاگرتنی سانتۆس لە کاری ناوبژیوانی دەرنەکردووە.