ژمارەی بووكەڵە گیراوەكانی "لابووبوو" گەیشتە سێ‌ هەزار

:: AM:10:09:09/07/2025 ‌
دوای ئەوەی لیژنەی فەتوا رای گەیاند، كڕینی بووكەڵەی لابووبوو بەهەدەردانی پارەیە، بۆیە لە هەولێر دەست كرا بە دەستبەسەرداگرتنی، ئێستە لە ماوەی یەك رۆژدا سێ‌ هەزار بووكەڵە دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تەمووز، ئارمەند نەجات خاوەنی فرۆشگەی بید بەیبی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لیژنەكانی بازرگانی و قایمقامییەتی هەولێر، دەستیان بەسەر بووكەڵەكانی لابووبوو گرت و قەدەغە كراوە.

زیاتر گوتی، تەنیا بووكەڵەی مەدالیایان هێشتەوە، سەرجەم جۆرەكانی لابووبوویان دەست بەسەردا گرت.

بەپێی ئامارێكیش كە بە "وشە" دراوە، لە ماوەی 36 سەعاتی رابردوودا، بە فەرمی فرۆشتنی بووكەڵەی لابووبوو قەدەغە كراوە كە زیاتر لە سێ‌ هەزار بووكەڵە بووە.

بووكەڵەی لابووبوو نرخەكەی لە نێوان هەشت بۆ 15 هەزار دینارە، هاوشێوەی یانسیبێكە و منداڵان دەیكڕن، زانایانی ئیسلامیی پێیان وایە ئەوە بە هەدەردانی پارەیە، لە هەمان كاتدا بووكەڵەكە شێوەیەكی توندوتیژی پێشان دەدات.




وشە - رامیار جەواد