دەستەی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق دووپاتی كردەوە كە شەمووی داهاتوو لە زۆرینەی ناوچەكانی عێراق پلەكانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە و لە هەندێك ناوچەی باشووری عێراق دەگاتە 50 پلەی سەتی.
دەستەكە لە
بەیاننامەیەكدا ئاماژەی كرد، پێشبینییەكان لەبارەی كەشوهەوا ئاماژە بۆ هاتنی شەپۆلێكی گەرما بۆ تەواوی ناوچەكانی عێراق دەكات، شەپۆلەكە لە شەمووی داهاتووەوە دەست پێ دەكات و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما بگاتە نزیك ئاستی 50 پلەی سەتی، بەتایبەتی لە شارەكانی باشووری عێراق.
روونی كردەوە، لە هەندێك ناوچەی باشووری عێراق پلەی گەرما لە 50 تێپەڕ دەبێت و لە ناوەڕاست و باكور و هەرێمی كوردستانیش پلەی گەرما كەمێك لەوەی باشوور كەمتر دەبێت، بەڵام لەوێش بەرزترە بە بەراورد بە رۆژانی ئاسایی، ئەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرماش لەگەڵ گەرمیی هاوینی عێراق دەگونجێت، بەتایبەتی مانگەكانی تەمووز و ئاب كە گەرمترینی ساڵن.