ئەکادیمیای زانستیی ڕووسیا هۆشدارییەکی دەرکرد و ڕای گەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی 13 و 14ی ئەیلوولدا "سبەی و دووسبەیدا" زریانێکی موگناتیسیی بەهێز بەر گۆی زەوی بکەوێت، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیستەمەکانی پێوەندی و تەکنەلۆجیا هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی تاقیگەی فەلەکناسیی خۆر، هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە دەرکەوتنی "کونێکی تاجیی یەکسان"ی گەورە و نائاساییە لەسەر ڕووی دیاری خۆر كە 11ی ئەم مانگە "دوێنێ" دروست بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی "بای خۆر"ی زۆر خێرا کە ئێستا ئاراستەیان بەرەو زەوییە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 72 سەعاتدا بگەنە خولگەی زەوی.
کاریگەریی زریانی موگناتیسی چییە؟
زریانی موگناتیسی دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ نییە، بەڵام دەتوانێت کێشە بۆ ئەو تەکنەلۆجیایانە دروست بکات کە ژیانی ڕۆژانەمان پشتی پێ بەستووە. گرنگترینیان:
تۆڕەکانی کارەبا: ئەگەری پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچەدا.
پێوەندییەكان: تێکچوون لە سیگناڵی ڕادیۆ و پێوەندییە بێتەلەکاندا.
مانگە دەستکردەکان: ئەگەری تێکچوونی کاتیی مانگە دەستکردەکان و سیستەمەکانی GPS.
دیاردەی سروشتی: لە ناوچە جەمسەرییەکاندا، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی دیاردەی جوانی "شەبەنگی جەمسەری" (Aurora).
ئەمە لە کاتێکدایە کە چالاکیی جیۆموگناتیسی لەم مانگەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا سێ زریانی موگناتیسی تۆمار کراون، لە کاتێکدا لە تەواوی مانگی ئابدا تەنیا یەک زریان تۆمار کرابوو.
زانایان پێیان وایە ئەم زیادبوونە لەوانەیە نیشانەی ئەوە بێت کە خۆر وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ لوتکەی چالاکییەکانی، بەڵام هۆشداریشیان دا کە هێشتا ئاماژەکان دژبەیەکن.