ئه‌مڕۆ دووشه‌م 22ی مانگی ئه‌یلوول، دواین رۆژی هاوینه و كۆتایی به وه‌رزی گه‌رما دێت، سبه‌ی سێشه‌م وه‌رزی پایز و خه‌زان ده‌ست پێ ده‌كات.
له‌به‌رئه‌وه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵك زیاتر به مێژووی زاینی راهاتوون، زیاتر 21ی مانگه‌كانی ئادار، حوزه‌یران، ئه‌یلوول و كانوونی یه‌كه‌م، بووه‌ته پێوه‌ر بۆ گۆڕینی وه‌رز، به‌ڵام ئه‌مه به پێوانه‌ی سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی به ده‌وری خۆر و ئه‌و ورده‌كارییه‌ی له رۆژمێری هه‌تاوی و رۆژمێری كوردیی گۆڕینی وه‌رزه‌كاندا هه‌یه هه‌موو كات راست نییه.
زۆر كه‌س پێی وایه پایز ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دووشه‌م 22ی ئه‌یلوول، دواین رۆژی هاوینه و سبه‌ی ده‌بێته یه‌كه‌م رۆژی مانگی ره‌زبه‌ر و پایز ده‌ست پێ ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی پایز، سه‌رما به‌سه‌ر گه‌رمادا زاڵ ده‌بێت و جارێكی تر تاریكی و شه‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر رۆژ و رووناكیدا ده‌سه‌پێنێت، تا ده‌گاته دواین رۆژی پایز و شه‌وی یه‌ڵدا كه درێژترین شه‌وی ساڵ و كورتترین رۆژی ساڵ، دواتر دیسان شه‌و له كورتی و رۆژ له درێژی ده‌دات، تا ده‌گاته شه‌وی نه‌ورۆز كه به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستپێكی پایز، گه‌رما و رۆژ و رووناكی به‌سه‌ر سه‌رما و شه‌و و تاریكی‌دا زاڵ ده‌بن و نه‌ورۆزی كورده‌واری ده‌ست پێ ده‌كات.
وه‌ك چۆن دواین شه‌وی پایز له كۆتایی 30 مانگی سه‌رماوه‌ز، درێژترین شه‌وی ساڵه و به شه‌وی یه‌ڵدا ناسراوه، ئه‌وا دوای شه‌ش مانگه له‌و كاته دۆخه‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه و له كۆتایی وه‌رزی به‌هار یان كۆتایی مانگی جۆزه‌ردان، كه هه‌ندێك جار ده‌كه‌وێته 20 ی حوزه‌یران، رۆژ له به‌رانبه‌ر شه‌ودا درێژترین ماوه‌ی ده‌بێت.
به ده‌ستپێكردنی هاوین، شه‌و له دوای شه‌و روو له درێژی و رۆژیش روو له كورتی ده‌كات و له ده‌ستپێكی پایز و مانگی ره‌زبه‌ر، هاوشێوه‌ی كۆتایی مانگی ره‌شه‌مێی زستان ده‌گه‌نه هاوشانی یه‌كتر.
وه‌رزی پایز وه‌رزێكی جوانه و به وه‌رزی ئاشقان ناسراوه، كۆمه‌ڵێك هۆنراوه و گۆرانی له‌لایه‌ن شاعیران و هونه‌رمه‌ندان به باڵای ئه‌و وه‌رزه‌دا گوتراون.