پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر كە ئێستە دەستی پێ كردووە، جگە لەوەی سەتان سوودی تەندروستی هەیە، "وشە" بۆ یەكەمجار چەند زانیارییەكی لەبارەیەوە بڵاو دەكاتەوە.
بەگوێرەی بە دواداچوونی "وشە" لە پێشتێنەی سەوزایی هەولێر، حەوت ملیۆن نەمامی زەیتوون و پستە دەچێنرێ، هەروەها 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو دروست دەكرێت.
زانیارییەكی گرنگ ئەوەیە كە بەهۆی ئەو پشتێنەیەوەیە 140 هەزار تۆن تا 210 هەزار تۆن، دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەكات.
بە گوێرەی قسەی شارەزایان، پشتێنەی سەوزایی دەبێتە هۆی زیادكردنی سەوزایی لە هەولێر و پاككردنەوەی هەوا و دابەزاندنی پلەكانی گەرما و بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون.
هەروەها هۆكاری سەرەكی دەبێت بۆ رەخساندنی هەلی كار و زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ، رێگریش دەبێت لەبەردەم كەمكردنەوەی رێژەی خۆڵبارین و باشتركردنی كوالێتی ژیان.
جێی ئاماژەیە كە لەم حكوومەتەدا، رێژەی سەوزایی لە 15% بەرزكراوەتەوە بۆ 18% و بە تەواوبوونی پشتێنە ئەو رێژەیە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە.