ناوماڵ تەنیا بۆ ئەوە نییە خۆتانی تێدا بحەوێننەوە و بپارێزن، بەڵكو شوێنێكە كاریگەریی لەسەر وزەكانتان دەبێت و وزەی ماڵەكەیش بەهەمانشێوە، دواتریش كاریگەریی لەسەر جۆری ژیانتان دەبێت. زۆرجار هەست بە بێزاری دەكەن بێ ئەوەی هۆكارێكی دیاریكراوی هەبێت، بەڵام پێگەیەك بەپێی زانیاریی پسپۆرانی بواری دەروونی، بڵاوی كردووەتەوە كە دەتوانن بە چەند گۆڕانكارییەكی ئاسان و خێرا لەناو ماڵەكانتان، لەو بێزارییە دوور بكەونەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، بەپێی زانیاریی چەند پسپۆرێكی دەروونی، رۆشنایی دەخاتە سەر وزەی ناوماڵ و كاریگەرییەكانی لەسەر جۆری ژیانی كەسەكان، بەتایبەتی زۆرجار هەست دەكرێت كەسەكان هەست بە بێزاری و داهێزرانی جەستەیان دەكەن، بێ ئەوەی هۆكارێكی دیاریكراوی هەبێت، بۆیە پسپۆران ئاماژە بە چەند گۆڕانكارییەك لەناو ماڵەكانتان دەكەن كە ئاسان و خێران، راستەوخۆ لەو بێزارییە رزگارتان دەبێت، ئەوە پێوەندیی بە وزەی ماڵەكانتان هەیە و ئێوەیش وزە لە جۆری ماڵەكە و رێكوپێكییەكەی وەردەگرن.
لە كاتی بێزاریتان بەبێ هیچ هۆكارێك، پسپۆران ئاماژە بە هەندێك گۆڕانكاریی زۆر ئاسان دەدەن بۆ ئەوەی وزەی ماڵەكانتان كاریگەریی بكاتە سەر وزەی خۆتان، بۆ نموونە كردنەوەی پەنجەرەكان و هاتنەناوەوەی هەوای پاك بۆ ژوورەوە. ئەگەر ئەو گۆڕانكارییە بۆ ماوەی 10 خولەكیش بێت، كاریگەریی دەبێت و دەتوانن رۆژانە ئەوە دووبارە بكەنەوە.
ئەوەیش دەڵێن كە هەوڵ بدەن ناوماڵەكانتان بە تیشكی سروشتی رووناك بكەنەوە، تیشكی سروشتی بۆ تەندروستیش بەسوودە و لەگەڵیدا كاریگەریی دەبێ لە وزەی خۆتان و ماڵەكانتان. بەوەیش پەردەی پەنجەرەكان هەڵدەنەوە و تیشكی خۆر بێتە ناوەوەی ژوورەكان. هەروەها یەك لە گۆڕانكارییەكان، كۆكردنەوەی ئەو كەلوپەلانەیە كە لەوكاتەدا پێویست نین و لەناو ماڵدا كۆبوونەتەوە، دەتوانن كۆیان بكەنەوە و جوانییەكی زیاتر دەبەخشێتە ماڵەكان و بەوەیش وزەی ئێوە باشتر دەكات.
دەتوانن هەندێك مۆم كە بۆندارن، لە چەند شوێنێكی ماڵەدا پێبكەن و بۆنێكی خۆش بەناو ماڵەكەدا بڵاو دەبێتەوە و لە بێزاری رزگارتان دەكات. ئەو جۆرە بۆنانە ئارامی بۆ خێزان و ماڵەكەیش دێنێت. هەروەها دەتوانن ماڵەكە بە گوڵدان و رووەكی سروشتی برازێننەوە كە لەلایەك هەوای ماڵەكە پاكتر دەكاتەوە، لەلایەكی تریش جوانییەكی زیاتر بە شوێنەكە دەبەخشێت.
پسپۆران رێنوێنیی ئەوەیش دەدەن كە لە كاتی بێزارییەكی بێ هۆكار، كارێكی باشە بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، گوێ لە موزیكێكی رۆمانسی بگرن، یان ئەو موزیك و گۆرانییانەی خۆتان حەزیان پێ دەكەن. دووپاتی دەكەنەوە ئەگەر گوێگرتن لە موزیك بۆ ماوەی پێنج خولەكی رۆژانەش بێت، ئارامی بە مێشك دەبەخشێت و لە بێزارییەكی بێ هۆكار دوورتان دەخاتەوە.
دواتریش باس لە گۆڕانكارییەكی تری ناوماڵ دەكەن كە ئەویش كاریگەریی لەسەر وزەی ماڵ و مرۆڤ دەبێت، ئەویش گۆڕانكاری لە تابلۆ و كەلوپەلەكانی تر، بۆ نموونە شوێنی وێنە و تابلۆكان لەناو ماڵەكە بگۆڕە، ئەو گۆڕانكارییە زۆر بچووكەیش بەهەمانشێوە، كاریگەریی لەسەر وزەی ناوماڵ و مرۆڤیش دەبێت و لە بێزارییەكی بێ هۆكار دوورتان دەخاتەوە.
ئەهرام
https://gate.ahram.org.eg/News/5296576.aspx
وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد