بۆ ئەوەی لە ئازاری پشت رزگاری بێت هەشت بۆقی خوارد

:: PM:02:36:12/10/2025 ‌
بۆ ئەوەی لە ئازارێكی زۆری پشت رزگاری بێت، ژنێكی بەساڵاچووی چینی كە پێشتر بیستبووی ئازاری پشت بە خواردنی بۆق چارەسەر دەبێت، پەنای بۆ خواردنی هەشت بۆق بردووە و دوای خواردنیان، تووشی ئازارێكی زۆری هەناو بووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "ساوس چاینا مورنینگ پۆست" وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، ژنێكی بەساڵاچووی چینی /82 ساڵ/ كە ناوی چانگە، ئازارێكی زۆر لە بڕبڕەكانی پشتی هەبووە، بۆ نەهێشتنی ئەو ئازارە وەك لە ناو چارەسەری میلیی چینیدا هەیە، چارەسەرەكەی خواردنی بۆقە بە زیندوویی، بۆیە بە دووجار هەشت بۆقی زیندووی خواردووە و لە ئاكامدا تووشی ئازاری زۆری توندی هەناو بووە، بۆیە راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

رۆژنامە چینییەكە باسی لەوەش كردووە كە ژنەكە داوای لە كوڕەكەی كردووە هەندێك بۆقی زیندووی بۆ بێنێت بێ ئەوەی پێی بڵێ هۆیەكەی چییە، كوڕەكەیشی چووە هەشت بۆقی زیندوو و بچووكی بۆ هێناوە، پاشان ژنەكە سێ بۆق دەستبەجێ قووت دەدات و بۆ سبەی بەهەمانشێوە پێنج بۆقەكەی تریش هەر بە زیندوویی دەخوات، بۆ رۆژی دواتر تووشی ئازارێكی زۆری هەناو بووە و دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

باس لەوە دەكرێ كە لە پشكنیندا دەردەكەوێ تووشی ژەهراوی بووە، دوا چەند رۆژێكی مانەوەی لە نەخۆشخانە، بە هەوڵی پزیشكان لە مردنێكی مسۆگەر رزگار كراوە.

ئەو پزیشكەی كە چارەسەری ژنەكەی كردووە بۆ رۆژنامەكە لێدوانی داوە و گوتوویەتی، ئەوە یەكەمین حاڵەتی لەو جۆرە نییە، چونكە چەندان جار نەخۆش رووی لە نەخۆشخانە كردووە بەهۆی هەڵەی چارەسەری میلیی چینی، بۆ نموونە هەبووە زراوی ماری خواردووە، یان ماسیی زیندووی خواردووە و دواتریش تووشی ژەهراوی بوون.

پزیشكەكە ئەوەشی گوت كە زۆربەی ئەوانەی تووشی ئەو جۆرە حاڵەتانە دەبن، لە كەسانی بەساڵاچوون، كاتێك بە هەڵە چارەسەر وەردەگرن بەتایبەتی چارەسەری میلی، تووشی ژهراوی دەبن و ناچار بۆ چارەسەربوونیان، روو لە نەخۆشخانە دەكەن و لەوێ رزگار دەكرێن. 

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د