دیاردەی سەگی بەڕەڵا لە زۆرینەی وڵاتان بووەتە كێشەیەكی گەورە، ژمارەی سەگ زۆر زیادی كردووە و رێكخراوەكانی مافی ئاژەڵ و ژینگەیی رێگری لە لەناوبردنیان دەكەن، چارەسەركردنی ئەو دیاردەیەش پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە و وای كردووە ئەو رێگەیانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەكە گیراونەتە بەر چارەسەری كێشەكە نەكەن و ساڵانە سەگگەستنێكی زۆر هەیە، لە ئوردن پێشنیاز كراوە هەر كەسێك سەگ بیگەزێت پارەی پێ بدرێت.
موعتەز ئەبو رومان پەرلەمانتاری ئوردنی داوای دەركردنی یاسایەكی لە پەرلەمان كرد بۆ پێدانی بڕی پێنج هەزار دینار بۆ هەر كەسێك تووشی سەگگەستن بێت لەو وڵاتە وەك قەرەبووكردنەوە، ئەو پێشنیازە لە میانەی كۆبوونەوەیەك ئەمڕۆ سێشەم هات بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی بڵاوبوونەوەی سەگی بەڕەڵا، وەك پەرلەمانتارەكە گوتی، پێشنیازەكە بەهۆی زیادبوونی رووداوەكانی سەگگەستنە لە تەواوی پارێزگاكان.
روونی كردەوە، كاتی هاتووە یاسایەكی دادوەرانە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانیان دەربكرێت، خەرجكردنی پارەكەش دوای پشكنین و هەڵسەنگاندنی برین و مەترسیداریی گەستنەكە دەبێت، بەپێی بڕیارێكی دادگا زیانەكە بە فەرمی بسەلمێنێت، ئەوەش بۆ مسۆگەركردنی دادوەری و رێگرتن لە سوودبینین لە یاساكە.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە پێشنیازەكە تەنیا بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسەكە نییە، بەڵكو بۆ ناچاركردن و هاندانی لایەنی پێوەندیداری حكوومییە بۆ گرتنەئەستۆی بەرپرسیارەتی بەرانبەر بەو دیاردەیە و خێراكردنی رێوشوێنەكانیان بۆ چارەسەركردنی كردنی تەنگژەكە و رێگرتن لێی و بەرپەرچدانەوەیە بۆ لایەنی كەمتەرخەم، جیا لە دانانی پلانێك بۆ چارەسەركردنی ئەو سەگانە بە شێوازێككی زانستی و مرۆیی و هاوسەنگ.