زانایەكی چینیی هەڵگری نۆبڵی فیزیا لە تەمەنی 103 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات

:: PM:01:42:18/10/2025 ‌
میدیاكانی چین ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە، زانایەكی ئەو وڵاتە كە هەڵگری خەڵاتی نۆبلی فیزیایە، لە پەكینی پایتەختی چین لە تەمەنی 103 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەو زانایە خاوەنی بیردۆزی "یانج- میلز"ـە كە لە سەدەی بیستەمدا گەورەترین داهێنانی فیزیایی بووە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ شەموو 18ی تشرینی یەكەم، هەواڵەكەی لە تۆڕی تەلەڤزیۆنی چینیی نێودەوڵەتی "سی جی تی ئێن" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، چین نینج یانج كە زانایەكی بواری فیزیایە و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵە، لە شاری پەكین و لە ماڵەكەی خۆی لە تەمەنی 103 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

ئەو تەلەڤزیۆنە بڵاوی كردەوە كە یانج لە ساڵی 1922 لە شاری هیفای لە رۆژهەڵاتی چین لە دایك بووە، دواتر لە ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردوودا چووەتە ئەمەریكا بۆ تەواوكردنی خوێندنی ئەكادیمی، لەو وڵاتەیشدا لە بواری پەروەردە زۆر پۆستی پێ دراوە.

یانج لە ساڵی 1957 خەڵاتی نۆبڵی بردەوە، هەروەها لەگەڵ زانای ئەمەریكی رۆبێرت میلز، پێكەوە بیردۆزی "یانج- میلز" دانا كە یەك لە داهێنانی سەدەی بیستەم بوو لە بواری فیزیادا.

دوای ئەوەی دیسان یانج گەڕایەوە بۆ چین، وەك مامۆستا لە زانكۆی "تسینجوا" كاری كرد. هاوكات بۆ ماوەی 20 ساڵیش لە بواری گەشەپێدان و پاڵپشتیی بەهرەی گەنجان لە بواری ئەكادیمیای نێودەوڵەتی، رۆڵی زۆر گەورەی لە چیندا هەبوو.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د