چای خواردنەوەیەكە كە لە تەواوی دنیادا بایەخی پێ دەدرێ و دەخورێتەوە، ئەمە جیا لە سوودە تەندروستییەكانی، بەڵام زۆرن ئەوانەی نازانن مێژووی دۆزینەوەی ئەو گەڵایەی چای لێ دروست دەكرێ، بۆ كەی و بۆ كوێ دەگەڕێتەوە، لە كاتێكدا مێژووی دۆزینەوەی بۆ پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی لەبارەی مێژووی چای بڵاو كردووەتەوە كە ئاماژە دەدات، بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە، بۆ یەكەمین جاریش لە وڵاتی چین دۆزراوەتەوە و بەدوایدا وردە وردە بە تەواوی وڵاتانی دنیادا بڵاو بووەتەوە. چای ئەو خواردنەوەیەیە كە لە هەموو كات و لە هەموو شوێنێك دەخورێتەوە و چەندان جۆری لێ بووەتەوە.
پێگەكە ئەوەیش دەڵێت، چیرۆكی چای بۆ سەدەی سێیەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، لە ئەفسانەكەیدا وا دەگوترێ، ئیمپراتۆری چینی "شن بۆنگ" لە ژێر دارێك دانیشتووە و ئاوی كوڵاندووە، چەند گەڵایەكی ئەو دارە كەوتوونەتە ناو ئاوەكە، ئیمپراتۆر هەستی كردووە بۆنی خۆش لە ئاوە كوڵاوەكە دێت، لە خواردنەوەیدا هەستی بە چێژێكی زۆر كردووە، بۆیە چینییەكان لەو مێژووەوە بایەخیان بەو جۆرە دارە داوە و چایان لێ دروست كردووە و خواردوویانەتەوە. دواتریش بۆیان دەركەوتووە بۆ تەندروستی زۆرباشە و سوودی زۆریان لێ بینیوە.
لە چەندان سەدەدا چینییەكان خواردنەوەی چایان كردووەتە بەشێك لە كولتوورەكەیان، لەوێوە گەیشتووەتە ژاپۆن و هیندستان، ئەویش بەهۆی بازرگانە بودییەكان، گەیشتووەتە وڵاتانی ئەوروپا كە ئەویش بۆ سەدەی 17 دەگەڕێتەوە، لەوكاتەوە تا ئێستە، چای وەك خواردنەوەیەكی بەچێژ و تەندروست، بە هەموو دنیادا بڵاو بووەتەوە و لە دوای خواردنەوەی ئاو، بایەخ بە خواردنەوەی چای دەدرێت و بازرگانیی پێ دەكرێت.
هەر لە چینیش جۆرەكانی تری چای دۆزراونەتەوە وەك چای سەوز و رەش و ئۆلۆنگ و تەواوی جۆرەكانی تر، هەر جۆرێكیش شێوەی لێنانی تایبەت بەخۆی هەیە، هەروەها هەر جۆرێكیش سوودی تەندروستیی تایبەتی خۆی هەیە و زۆرجار وەك دەرمان بۆ هەندێك نەخۆشی بەكار دەهێنرێت.