كریستیانۆ رۆناڵدۆ جارێكی تر لەگەڵ پیێرس مۆرگان دانیشتەوە، ئەو رۆژنامەنووسەی یاریزانە بەناوبانگەكە هەموو شتێكی بۆ باس دەكات.
پیێرس مۆرگان هاوڕێ كۆنەكەی رۆناڵدۆ، تاكە رۆژنامەنووسە بەبێ پەردە رۆناڵدۆ قسەی بۆ دەكات، لە گفتوگۆیەكی نوێیاندا ئەفسانە پۆرتوگالییەكە باسی هەموو شتێكی كرد، هەر لە خۆشەویستییەوە تا یانەی یونایتد، ژیانی سعوودیە و ئۆتۆمبێلی لۆكس و ئامانجی بوون بە ملیاردێر و وازهێنانی لە یاریكردن.
لە قسەكانیدا لەبارەی یانەی مان یونایتد دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە، دۆخی ئێستەی ئەو یانەیە جێی نیگەرانییە، چونكە یەكێكە لە باشترین یانەكانی دنیا و جێگەیەكی زۆریشی لە دڵی ئەودا هەیە، گوتی دۆخی یانەكە تا بەم جۆرەش بەردەوام بێت، ناگاتەوە ریزی گەورەكان و توانای كێبەركێكردنی نییە.
رۆناڵد گوتیشی: لە یونایتد پێشكەوتن سفرە، یانەكە بەراورد بە ریاڵ مەدرید و تەنانەت یۆڤانتۆس كە لەڕووی تەكنەلۆجیا و مەشق و خۆراك و چاكبوونەوە پێشكەوتوون، زۆر خراپە، پاش رۆیشتنی فێرگسۆن لە شوێنی خۆیان چەقیون و هیوادارم ئەو بارودۆخە بە زوویی چاك ببێتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئارەزوویەكی زۆری بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل هەیە، لە كۆی ئەو 40 ئۆتۆمبێلەی كە هەیەتی، بوگاتی ئۆتۆمبێلی دڵخوازیەتی، هەروەها مارسیدسیشی بۆ ئۆتۆمبێلەكانی زیاد كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا لە سعوودیە شۆفێری زۆر ناكات و لەگەڵ شۆفێرێكی تایبەت دەچێتە راهێنانەكان.
كاتێك مۆرگان پرسیاری لە دۆن كرد كە ئایا ڕاستە ملیاردێرە یان هێشتا نا، رۆناڵدۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: بەڵێ، چەندان ساڵ لەمەوبەر بووم بە ملیاردێر، بوون بە ملیاردێر یەكێك بوو لە ئامانجە سەرەكییەكانی ژیانم.
دووپاتیشی كردەوە، بەمزووانە واز لە یاریكردن دەهێنێت، بێگومانیشم لەگەڵ وازهێنانم لە تۆپی پێ دەگریم، چونكە من كەسێكم هەستەكانم ناشارمەوە و راشكاوە، دەیەوێت پاش وازهێنانی، كاتی زیاتر لەگەڵ خێزانەكەی بەسەر ببات و منداڵەكانی بەباشی پەروەردە بكات.