زانكۆی پیرۆ دكتۆرای فەخری بەخشییە نادیە موراد

:: AM:09:21:16/11/2025 ‌
زانكۆیەكی پیرۆ لە ئەمەریكای باشوور، دكتۆرای فەخریی بەخشییە نادیە موراد و زانكۆكەش دەڵێت، دكتۆراكە یەكێكە لە بەرزترین ڕێزلێنانی ئەكادیمی لە دنیادا.

زانكۆی سیزار ڤالێخۆ (UCV) Universidad César Vallejo ئەو دكتۆرایەی بەخشییە نادیە موراد، بە  دكتۆرای فەخریی "دكتۆر ئۆنۆریس كاوسا" ناسراوە.

زانكۆكە بڵاوی كردەوە، نادیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018، میوانی فەخریی ئێمە بوو، ئیلهامبەخش بوو بە چیرۆكی خۆڕاگری و داكۆكیكردنی لە مافەكانی مرۆڤ و پەیامی هیوا بۆ نەوە نوێیەكان.

ئاماژە بەوەش كردووە، لە دوای بەخشینی دكتۆراكە، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای زانكۆكە ئەنجام دا و تێیدا بەرەوپێشبردنی پەروەردە و بەهێزكردنی سەركردایەتی ژنانی لە دنیادا بە گرنگ و پێویست زانی.

نادییە موراد خەڵكی كۆجۆی سەربە شەنگالە، لە كاتی هێرشەكەی داعش بۆ سەر ناوچەكە، بەر شاڵاو دڕندانەی ئەو رێكخراوە كەوتن و خەڵكی گوندەكەیان زۆرترین زیانیان بەركەوت و زۆربەی دانیشتووانەكەی كۆمەڵكوژ كران.

نادیە دوای ئەو كارەساتە بەهاوكاری حكوومەتی هەرێم، توانی بچێتە دەرەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو كارەساتە مرۆییە ئاگادار بكاتەوە، ئەمەش وایكرد بووە كەسایەتییەكی جیهانی.



وشە - سۆران عەزیز