بەپێی توێژینەوەیەكی چینی.. دەنگی باڵندە خەمڕەوێنە

:: AM:10:35:16/11/2025 ‌
بەپێی توێژینەوەیەك كە زانایان لە زانكۆی چیجیانگی چینی ئاشكرا كراوە، دنگی سروشت كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر نەهێشتنی خەم لەلای مرۆڤ، بەتایبەتی دەنگی باڵندە كە وەك زانایان دەڵێن، گوێگرتن لە دەنگی باڵندە بۆ مرۆڤ خەمڕەوێنە.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو توێژینەوەیەی لە چین ئەنجام دراوە و بەپێی توێژینەوەكە، دەنگی سروشت بەشێوەیەكی گشتی بۆ مرۆڤ خەمڕەوێنە، زانایانیش كە توێژینەوەكەیان ئەنجام داوە، پێیان وایە دەنگی باڵندە لەناو سروشتدا، كاریگەریی زۆری هەیە بۆ لابردنی خەم و مرۆڤ لە خەمۆكی دوور دەخاتەوە، لە راهێنانەكانی رامان و یۆگا زۆر باشترە بۆ خەمڕەوێنیی مرۆڤ.

ئەو توێژینەوەیە 187 قوتابیی زانكۆ بەشدارییان تێدا كردووە و بۆ توێژینەوەكە كراون بە دوو بەشەوە، بەشێك لە قوتابیان نیشانەی خەمۆكییان هەبووە، بۆ ئەوان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی پێشان دراون، لە گرتەكاندا دەنگی باڵندە بەكار هێنراوە، لە ئەنجامدا دەركەوتووە ئەوانەی كێشەی خۆمەكییان هەبووە، لەڕووی سۆزدارییەوە ئارامتر بوون، بۆیە زانایان بەوە گەیشتوون كە دەنگی باڵندە، كاریگەریی زۆری هەیە بۆ نەهێشتنی خەمۆكی و دەنگێكی خەمڕەوێنە.

باس لەوە دەكرێت كە ئەوانەی گوێیان لە دەنگی باڵندە گرتووە، تەنانەت لێدانی دڵیشیان ئاساییتر بووەتەوە، واتە توانای جەستەیی بەهێزتر بووە. بۆیە زانایان دەڵێن دەنگی خوێندنی باڵندە، ئاستی سۆزداریی سروشتی لەلای مرۆڤ هاوسەنگ دەكات.

دواتریش زانایان ئاماژە بەوە دەكەن، گوێگرتن لە دەنگی سروشت، پێویستیی بە توانا و سەرنجی زۆر نییە، بەپێچەوانەی رامان و یۆگا كە ئەوانە پێویستیان بە ئاگایی زۆر و قووڵ هەیە، بۆیە دەنگی سروشت زۆر بەسوودە بۆ ئەوانەی كێشەی لاوازیی سەرنجیان هەیە یان تووشی حاڵەتی خەمۆكی بوون.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د