جیاوازیی تەمەنیان 32 ساڵە... گەنجترین گوتەبێژی كۆشكی سپی باسی هاوسەرگیرییە مشتومڕاویییەكەی دەكات

:: AM:10:42:21/11/2025 ‌
كارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی كۆشكی سپی، رای گەیاند كە هاوسەرگیرییەكەی لەگەڵ نیكۆلاس ریچیۆ، كە 32 ساڵ لە خۆی گەورەترە، پێوەندییەكی "نائاسایی"ـە.

لێڤیت، كە بە گەنجترین گوتەبێژی مێژووی كۆشكی سپی دادەنرێت، لە مانگی یەكی 2025 و چەند رۆژێك پێش دەستبەكاربوونی دووەم خولی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، هاوسەرگیریی كرد.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پۆدكاستی "پۆد فۆرس وەن"، لێڤیت بە راشكاوانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە بۆچی هاوبەشێكی ژیانی هەڵبژاردووە كە زۆر لە خۆی بەتەمەنترە و گوتی، لە راستیدا، گەنجێكم لە تەمەنی خۆمدا نەدۆزییەوە هەمان ئاستی پێگەیشتوویی ئەوی هەبێت. ئەو دووانە لە رێگەی هاوڕێیەكی هاوبەشەوە لە كاتی كەمپەینی هەڵبژاردنی بۆ كۆنگرێس لە ساڵی 2022 یەكتریان ناسی.

لێڤیت ستایشی هاوسەرەكەی كرد و بە "پیاوێكی خۆدروستكەر" وەسفی كرد كە خۆی خۆی پێگەیاندووە و ئاماژەی بەوەش كرد كە پێگە پیشەییە جێگیرەكەی هاوسەرەكەی رێگەی پێدەدات پاڵپشتیی كارەكانی ئەو بكات.

ناوبراو ددانی بەوەدا نا كە جیاوازیی تەمەن لە سەرەتادا ئاڵنگاری بووە، بەتایبەت كە دایكی لە هاوسەرەكەی گەنجترە. بەڵام روونی كردەوە كە خێزانەكەی دوای ناسینی كەسایەتی و رەوشت و خۆشەویستیی هاوسەرەكەی بۆی، بابەتەكەیان قبووڵ كردووە و ئێستا هەموویان بوونەتە هاوڕێ.

لێڤیت باسی لە ئاڵنگارییەكانی هاوسەنگیی نێوان كار و دایكایەتی كرد و دووپاتی كردەوە كە سنوورێكی روونی بۆ كاتی كاركردنی داناوە و سوورە لەسەر ئەوەی لە كاتی خەوتنی منداڵەكەیدا ئامادە بێت و كۆتایی هەفتەكانیش بۆ خێزانەكەی تەرخان دەكات.


وشە - پۆڵا مەحموود