لە شارێكی بەرازیل و لە ناو باخچەی ئاژەڵان، شێرێك هێرش دەكاتە سەر گەنجێك و دەیكوژێت. تا ئێستە بەڕوونی نازانرێ بۆچی ئەو گەنجە لە شێرەكە نزیك بووەتەوە تا ژیانی بەو ئاكامە بگات؟.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم یەكی كانوونی یەكەم، هەواڵەكەی لە میدیاكانی بەرازیل وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ لە ناو باخچەی ئاژەڵانی شاری خوان بیسوای بەرازیل، ویستوویەتی لە رێگەی خۆهەڵواسین بە دارێكەوە بچێتە قەفەسی شێرەكە، لەو كاتەدا شێرەكە پەلاماری دەدات و بە كڵبەكانی دایدەپاچێت.
میدیاكانی بەرازیل ئەوەشیان گوتووە، بەپێی هەندێك زانیاری و لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، ئاماژە بەوە دەدرێ كە ئەگەری زۆرە گەنجەكە كێشەی دەروونی هەبێت، هەر ئەوەیش وای كردبێت بچێتە قەفەسی شێرەكە، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو كراوەتەوە، كاتێك گەنجەكە لەو گیاندارە دڕندەیە نزیك دەبێتەوە، دەستبەجێ پەلاماری دەدات و دەیكوژێت.
دەسەڵاتی بەرازیل دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، هاوكات رووداوەكە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی تووشی شۆك كردووە، بەتایبەتی ئەوانەی سەردانی باخچەكە دەكەن، بۆیە رووداوەكە رای گشتیی ورووژاندووە و خەڵكێكی زۆر پێیان وایە ئەركی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەیە كە پاسەوان و كەسانی رزگاركەر بۆ ئەو جۆرە رووداوە دابین بكات.