یەكەم ئامێری شووشتنی مرۆڤ داهێنرا

:: PM:05:11:02/12/2025 ‌

رەنگە ئەو پرسیارە رۆژانە بكرێت، وڵاتانی پێشكەوتوو پەنا بۆ بەرهەمهێنانی هەموو پێویستییەكانی مرۆڤ دەبەن، بۆچی تا ئێستە بیریان لە بەرهەمهێنانی ئامێرێك نەكردووەتەوە بۆ شووشتنی مرۆڤ؟، بۆ ئەمساڵ ژاپۆن یەكێك لە سەیرترین داهێنانە تەكنۆلۆجییەكانی خستە روو، دوای ئەوەی كۆمپانیای " Science Inc "، دەستی بە فرۆشتنی ئامێری شووشتنی مرۆڤ كرد، كە لە ماوەی 15 خولەك بێ هیچ ماندووبوونێك مرۆڤ دەشووات. 

ئەو ئامێرە بۆ یەكەمجار لە پێشانگەی ئیكسپۆ ئۆساكا 2025 خرایە روو، لە شێوەی كەپسوولەیەكی گرانبەهایە و كەسەكە دەچێتە ناویەوە و پاڵ دەكەوێت، كەپسوولەكە دادەخرێت و شووشتن لە رێگەی دەركردنی بڵقی ورد دەست پێ دەكات، كە توانایان هەیە بچنە ناو كونۆڵكەكانی پێست بۆ لابردنی چەوری و چڵك و خانە مردووەكانی پێست.

پرۆسەكە تەنیا شووتن نییە، ئامێرەكە خۆی وشكت دەكاتەوە، هەموو ئەوانە لەناو دەنگی مۆسیقایەكی ئارامكەرەوە و هێواش كە كەسەكە دەحەسێنێتەوە، ساشیكۆ مایكۆرا گوتەبێژی كۆمپانیاكە دەڵێت، ئەو ئامێرە تەنیا لەش ناشوات، بگرە رۆحیش دەشووات، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو حەسانەوەی تیایەتی، جیا لەوانە ئامێرەكە هەستیاری چاودێری تیایە بۆ پاراستنی كەسەكەی ناوی لە لەهۆشخۆچوون و رارایی كاتێك لەناو كەپسوولەكەیە. 

درێژیی كەپسوولەكە 2.5 مەترە و پانییەكەی یەك مەتر و بەرزییەكەشی 2.6 مەترە، شوێنی كەسێكی لەناو دەبێتەوە بەتەواوەتی لەناو پاڵ كەوێت، كێشەكە لە نرخەكەیەتی، كە 385 هەزار دۆلارە، ئەوەش وای كردووە زیاتر لە هوتێلە گرانبەهاكان و سەنتەرە تەندروستییە تایبەتەكان دابنرێت، كۆمپانیاكە پلانی هەیە 40 بۆ 50 دانەی دروست بكات، دروستكردنی بەدەست دەبێت و هەندێك لە هوتێلەكانی داوایان كردووە، بەڵام كۆمپانیاكە پلانی هەیە بۆ داهاتوو ئامێری هاوشێوەی شووشتنی مرۆڤ بۆ ماڵەكانیش دروست بكات كە خەرجی دروستكردنی كەمتر بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل