لە عێراق یاریی لۆدۆ قەدەغە كرا

:: AM:09:38:09/12/2025 ‌
وەزارەتی پێوەندییەكانی عێراق بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی یاریی لودۆ، ئەوەش بەهۆی سستبوونی پێوەندییەكانی نێوان ژن و پیاو. بۆ ئەو بڕیارەش ئەو وەزارەتە دەڵێت، بۆ پاراستنی خێزانە عێراقییەكان لە تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و تێكدانی رەوشتی كۆمەڵایەتی.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی كانوونی یەكەم، وەزارەتی پێوەندییەكانی عێراق رای گەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێمان دراوە و لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیار دراوە یاریی لودۆ رابگیرێت.

دەشڵێت ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی خێزانی عێراقییە لە زیادبوونی مەترسییەكانی و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر پەیكەری كۆمەڵایەتی، بەو پێیەی بووەتە سەرچاوەی ناكۆكی لەناو زۆر لە خێزانەكان و نێوان هاوسەران، لە ئەنجامی سیستمی گرەوكردن كە پاڵیان پێوە دەنێت بەرەو كردەوەی مەترسیدار و قبووڵنەكراو.

ئاماژە بەوەش كراوە كە بڕیاری بلۆككردن، دوای چاودێریكردن و بەدواداچوونی بەردەوامی كۆمەڵێك سەرپێچی و كێشە دێت كە بەهۆی ئەم یارییەوە دروست دەبن، بەشێكیان لە ڕێگەی چاتی تایبەتەوەیە كە ڕێگە بە پێوەندیی ڕاستەوخۆ دەدات، لە ژینگەیەكدا كە ئامادەكاری دەكرێت بۆ قۆستنەوەی سێكسی و تاوانی ئەلیكترۆنی.

یاریی لودۆ كینگ یارییەكی ڤیدیۆیی مۆبایلە كە بەخۆڕاییە، لەلایەن كۆمپانیای Gametion Technologies Private Limited پەرەی پێ دراوە و ماوەی 10 ساڵە لە عێراقدا هەیە.


وشە - رامیار جەواد