ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی شاخە

:: AM:09:27:11/12/2025 ‌
11ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی شاخ دیاری كراوە، ڕۆژێك كە لەلایەن ڕێكخراوێكی گەورەی جیهانیی وەك نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە، لە هەرێمی كوردستانیشدا ئێستە دەیان گرووپ و كۆمەڵەی شاخەوانی دروست بوون و فیدراسیۆنێكی تایبەت بەخۆیان پێكهێناوە.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان 11ـی دیسێمبەری هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانیی شاخ ناوزەد كردووە، ئەم رۆژە لە 57مین دانیشتنی ئەندامانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2002 بوو.

بێوار شەریف سەرۆكی گرووپێكی شاخەوانییە و بۆ "وشە" گوتی، تەنیا ناوهێنانی ئەو رۆژە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان نەبوو، بەڵكو هەر لەو دانیشتنەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، داوا لە ڕێكخراوی (خۆراك و كاروباری كشتوكاڵی نەتەوە یەكگرتووەكان - FAO )  كرا كە بەرپرسیارێتی ڕێكخستن و هاوئاهەنگی ئەو ڕۆژە لەسەر ئاستی دنیا لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بۆ ئەوەی سەرنجی دانیشتووانی گۆی زەوی بە ئاراستەی بایەخ و گرنگیی شاخەكان لە ژیانی مرۆڤەكاندا ڕابكێشن.

دەشڵێت، هەموو ساڵێك نەتەوە یەكگرتووەكان دروشمێك بۆ ئەو رۆژە دادەنێت، دروشمەكە بە ڕۆژی جیهانیی شاخ لە ساڵی 2025 "گرنگی سەهۆڵبەندانەكان بۆ  دابینكردنی ئاو، خۆراك و بژێوی ژیان لە ناوچە شاخاوییەكان و پێدەشتەكاندا" دیاری كراوە.

روونی كردەوە، ڕێكخراوی فاو، ئەمساڵ سەرنجی خستووەتە سەر سەهۆڵبەندانەكان، چونكە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و گەرمتربوونی ڕۆژبەڕۆژی هەسارەی زەوی، سەهۆڵبەندانەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار بەرەو توانەوە دەچن.

بۆچی ڕۆژێك بۆ شاخ؟
شاخەكان ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە دابینكردنی سەرچاوە سروشتییەكان و پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی. ئاوی شیرین و كشتوكاڵی بەردەوام و وزەی پاك بۆ مرۆڤایەتی دابین دەكەن. بەڵام گۆڕانی كەشوهەوا و زیادەڕۆیی و دەستدرێژی مرۆڤەكان بۆ سەر ژینگە ناوچە شاخاوییەكان و پیسبوونی ئەو ناوچانە، مەترسیی رژدی لەسەر ژینگەی ناوچە شاخاوییەكان دروست كردووە. 

هەرچی سەرپەرشتیار و رێبەرێكی شاخەوانییە دەڵێت، ڕۆژی جیهانیی شاخ دەرفەتێكە بۆ هۆشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی خەڵك لە گرنگی و بایەخی شاخەكان بۆ ژیانی مرۆڤ و سەرجەم بوونەوەران، هەروەها یەكخستنی خەڵك و حكوومەتەكان بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچە شاخاوییەكان و پاراستنی ئەو سەرچاوە بەنرخانەی لە ناوچە كوێستانییەكاندا هەن.

ئامانجی سەرەكی لە دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ڕۆژی جیهانیی شاخ، دەكرێ لەو سێ خاڵەدا كورت بكرێتەوە:

زیادكردنی هۆشیاری: 
زیادكردن و پەرەپێدانی هۆشیاری لەناو خەڵكدا لەبارەی گرنگیی شاخەكان، ڕۆڵی ئەوان لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەكاندا بەمەبەستی پاراستنی ناوچە شاخاوییەكان.

پشتگیریكردن لە گەشەپێدانی بەردەوام: 
پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچە شاخاوییەكان و باشتركردنی بارودۆخی ژیانی ئەو كەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین و فەرامۆش نەكردنیان.

پشتگیریكردن لە كولتووری دەوڵەمەندی ناوچە شاخاوییەكان: 
پێشخستن و پەرەپێدانی پێوەندیی نێوان كولتوورە جیاوازەكانی پێوەست بە شاخەكان و پاراستنیان، لە هەمان كاتدا گەشەپێدانیان.

ڕۆژی جیهانیی شاخ لە هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی شاخاوییە. خاوەنی چەندان زنجیرە شاخ و لووتكە شاخی بەرز و جوانە كە بۆ وەزرشەكانی شاخ و شاخەوانی گونجاون. هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە ناوچە شاخاوی و كوێستانییەكاندا دەژین.

فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان لەبارەی ئەم ڕۆژەوە دەڵێت، هاوشێوەی زۆر لە وڵاتانی دنیا، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان ساڵانە لە یادی ڕۆژی جیهانیی شاخدا، چالاكی و فێستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ڕێكدەخات، بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵكی كوردستان بە ئاراستەی گرنگی و بایەخی شاخەكان ڕابكێشێت.

بۆ ساڵی 2025، یادی ڕۆژی جیهانیی شاخ جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو دەكرێتەوە، ئەمساڵ هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە، ژیانەوەی سروشتی نیشتمانە، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت.

ئەمساڵ 2025، ئۆرگانە شاخەوانییەكان و گرووپەكانی شاخەوانی و ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێزیی لە هەرێمی كوردستاندا، سەرنجی زۆریان خستووەتە سەر ناوچە شاخاوییەكانی زاگرۆس وەك لانكەی پەیدابوونی ژیانی مرۆڤایەتی. هۆكاری ئەمەیش  ئەوەیە كە چیاكانی زاگرۆس، نەك هەر سیما و جیۆگرافیایەكی دیاری نیشتمانە، بەڵكو مێژوویەكی قووڵی لەگەڵ گەلی كورددا هەیە و لانكەی ژیان و سەرچاوەی خۆڕاگری و ناسنامەیەكی كولتووری قووڵە.

وەك چۆن زاگرۆس بەدرێژایی مێژوو قەڵا و پەناگەی گەلەكەمان بووە، ئێستەش ئەركی ئێمەیە كە ببینە قەڵا و پەناگەی زاگرۆس. لەم سۆنگەیەوە، "زاگرۆسانە" هەڵمەتێكی ژینگەییە كە چەند ساڵێكە لەلایەن ڕێكخراو و ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەكان، گرووپە شاخەوانییەكان و پارێزەرانی سروشتی كوردستانەوە، بە دروشمی دیاریكراو و بەشێوەیەكی بەربڵاو لە سەرانسەری كوردستاندا بەڕێوە دەچێت. ئەم هەڵمەتەیش بریتییە لە چاندنی دەنكە بەڕوو لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و ئەو ژینگەیەی كە شیاوە بۆ چاندنی بەڕوو.

ئۆرگانە شاخەوانییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە نزیكەوە سەرپەرشتیی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانیی لە كوردستاندا دەكەن، بەچاوێكی پڕ بایەخەوە لە ڕۆژی جیهانیی شاخ دەڕوانن، ساڵانەیش بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ڕێكخستنی فێستیڤاڵ و ئەنجامدانی چالاكی هەمەجۆر، یادی ئەو ڕۆژە لە كوردستاندا دەكەنەوە و سەرنجی كوردستانییان بە ئاراستەی گرنگی و بایەخی شاخ و ناوچە شاخاوییەكان و بابەتی ژینگە ڕادەكێشن.



وشە - رامیار جەواد